کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەندکراوێکی سیاسیی کورد ١٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

17:09 - 8 رەزبەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆڤیی "چاونیووز"، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە مەریوان سزای ١٢ مانگ بەندکرانی بەسەر بەندکراوی سیاسیی کورد، "محەممەد هووشمەند"دا سەپاندووە.

محەممەد هووشمەند خەڵکی ئاوایی "دەرەتفێـ"ـی مەریوان بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم" لەلایەن دادگای ئینقلابی رێژیمەوە لەو شارە سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە بە "چاونیووز"ی  ڕاگەیاندووە کە: "ڕەوتی دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاونیشتمانییە کە لە ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانان بەڕێوە چووبوو، تەنیا یەک خولەکی خایاندووە و لە مافی بەرگریکردن لەخۆی بێبەری کراوە".

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ گرتنگەی "شارامفەر"ی سنە ڕاگوێزرابوو.

محەممەد هووشمەند، پاش ٣٤ ڕۆژ لێپرسینەوە و ڕاگیران، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.