کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێترین هەوڵی سەرکوتکارانەی ڕێژیم؛ قەدەغەکردنی جلوبەرگی خاکی بۆ شایی و گۆڤەندەکان

17:13 - 8 رەزبەر 2725

ڕێژیم لە نوێترین هەوڵی سەرکوتکارانەی خۆیدا بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی خەڵک، لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی بۆ شایی و گۆڤەندەکانی قەدەغە کردووە.

بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، ڕێژیم بە گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی هۆڵەکانی بەڕێوەبردنی شایی و زەماوەند لە شارەکانی کوردستان، خەریکی قەدەغەکردنی جلوبەرگی خاکییە.

بەپێی زانیارییەکان کە بە بەشی هەواڵ گەیشتوون، لەسەر کارتێکی بانگهێشتکردنی شاییەک لە شاری بۆکان، لەبەر کردنی جلوبەرگی خاکی قەدەغە کراوە و نووسراوە: "بە فەرمانی بەڕێوەبەری تالار کەواپانتۆڵی خاکی قەدەغە کراوە."

ئەم هەوڵەی ڕێژیم بۆ گوشارخستنە سەر بەڕێوەبەرانی هۆڵەکانی شایی لە شارەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە ئازادیی پۆشش لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تاکێکە و ئەمە بە مانای پێشێلکردنی ئاشکرای ئەم مافە بۆ هاووڵاتییانە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی رابردوو دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی عەلی دانشی و سامرەند وجوودی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە و تەنیا بە تاوانی لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لە شاییەکدا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" هەر کامیان بە چوار مانگ بەندکران سزا دران.

چەند مانگ پیش ئێستا لەبەرکردنی جلوبەرگی خاکی لە شاییەک لە شاری پیرانشار، کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیمی بەدوای خۆیدا هێنا و لەم پێوەندییەدا ٥٨ هاووڵاتی دۆسییەسازیی ئەمنییەتییان بۆ کرا.

دوابەدوای ئەو هەوڵەی ڕێژیم، خەڵکی کوردستان، بڕیاریان دا بە ناودێرکردنی نەورۆزی ئەمساڵ بە ناوی نەورۆزی خاکیپۆشان، وڵامێکی توند بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە.