کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر ئێستاکەش ڕووخاوە

18:22 - 8 رەزبەر 2725

سامان فەقێ نەبی

باوەڕ و بەهاکان پێناسەی هەر نیزامێکی سیاسین کە ڕێژەی پشتیوانیی جەماوەری لێیان دەرخەری ئاستی ڕەوایەتی ئەو نیزامەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەو قاعیدەیە بەدەر نیە؛ ئەگەر سەردەمانێک بە کەڵکاژۆ وەرگرتن لە هەست و سۆزی ئایینیی زۆرینەی خەڵکی ئێران، بە درۆ وێنەی خومەینی لەسەر مانگ دەنەخشێندرا و بە بەڵێنی وەهمی، کلیلی بەهەشتیان لە ملی لاوان دەکرد و ڕەوانەی بەرەکانی شەڕی بێ‌ئاکامی ئێران و عێراقیان دەکرد، ئێستاکە چیتر ئەو چەواشەکارییانە بە هانای ڕێژیمەوە نایەت.

بژاردە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، بە ئیسلاح‌تەڵەب و ئوسوولگەرا، ئێستاکە لەوە تێگەیشتوون کە سەرەڕای پڕۆپاگەندەی سواو، مەشرووعییەتی کۆی سیستم ئێستاکە هاتۆتە ژێر پرسیار. فازی لێپرسینەوە لێیان، لەلایەن خەڵکەوە هەر لە بزووتنەوەی ژیناوە دەستی پێ کردووە؛ لە ڕاستیدا بزاڤی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە خاڵی وەرچەرخانی هزری و فەرهەنگی لە ئێراندا هەژمار دەکرێ و نیشانی دا کە کەلێنی نێوان باوەڕ و بەهاکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ بنەما و بایەخەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چەندە قووڵ بۆتەوە و بە تەواوی لێک تەریک کەوتوون.

دیکتاتۆرەکەی تاران لە ماوەی دەسەڵاتدارێتییەکەیدا لەجیاتی مسۆگەرکردنی ژیانێکی نۆڕماڵ و دابین‌کردنی خۆشبژێوی بۆ دانیشتووانی وڵات، بەشوێن وەدیهێنانی خەونە ئەهریمەنییەکانی لە ناوچە و جیهاندا بووە و بەو هۆیەشەوە هەم سامان و داهاتی وڵاتی بەفیڕۆ داوە و هەمیش نەهامەتی و چارەڕەشی تووشی خەڵک کردوە.

لە دوای ڕووداوی تێرۆریستیی ٧ـی ئۆکتۆبر و ئەگەری گۆڕانکاری لە بارودۆخی ژئۆپۆلێتیکیی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست، ئەوە ڕوون بۆتەوە کە چیتر وڵاتانی ڕۆژاوا، ئەم ئاژاوەگێڕی و شەڕانگێزیانە لە کۆماری ئیسلامی قەبووڵ ناکەن و ساتەوەختی سزادان و لێپرسینەوە لەو ڕێژیمە تێرۆریستییە لە ئاستی جیهانیشدا دەستی پێ کردوە.

دیکتاتۆرەکەی تاران پێی وابوو کە تا سەر دەتوانێ بە زەبری هێز خەڵکی وەزاڵەهاتووی وڵات سەرکوت بکا و بە پشتیوانی لە تێرۆریزمیش لە ناوچە و جیهاندا، باج لە دنیای ئازاد وەرگرێ؛ بەڵام هەنووکە هاوکێشەکە گۆڕاوە و دیکتاتۆرە، کە لە نەهایەتدا ناچار دەکرێ تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی ڕۆژاوا بێت و واز لە زێدەخوازی بهێنێت.

خامنەیی ئەوەش باش دەزانێ کە چ بەرامبەر داخوازییەکانی خەڵک پاشەکشە بکات و چ بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژاوا ملکەچ بێ، ئەو نیمچە ڕەوایەتییەی لای لایەنگرانیشی ماویەتی لەنێو دەچێ، هەر بۆیە بە ڕواڵەتیش بێ، وا نیشان دەدات کە حازر بە دانوستان لەگەڵ ڕۆژاوا و بەتایبەتی ئەمریکا نییە.

وازهێنان لە بەرزەفڕیی ئەتۆمی، لەناوبردنی مووشەکە باڵستیکییەکان و پچڕانی پێوەندی و هاوکاریی گرووپە تێرۆریستییەکان، کاکڵی ویستەکانی ڕوژاوان کە کە دیکتاتۆر بە تەسلیم‌بوون پێیان، مەرگی وێژمان، بنەما و ڕەوایەتەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامی واژۆ دەکات.

بۆ دیکتاتۆر جێگای سەرشۆڕی دەبێ کە دوای ئەوە کە، چوار دەیەیە سەروەت و سامانی وڵاتی بەفیڕۆ داوە، ئێستا ڕایبگەیێنێ کە هەڵەی کردوە و لەمە بەدوا ملکەچی ویستی خەڵکی وڵات و هەروەها داواکارییەکانی جیهانی ئازاد دەبێ؛ خامنەیی باش دەزانێ کە نیزامەکەی لە نێوخۆیدا ڕزیوە و تووشی داڕمان بووە و تەنیا بە زەبری دەزگای سەرکوتەوە، ڕووکەشێکی لەرزۆکی لێ بەجێماوە کە بە گوشارەکانی دنیای دەرەوە ئەویش نامێنێ. ئەو باش دەزانێ کە ئەرزشەکان، نەخشەڕێگا و چاوەڕوانییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە گۆڕاون و خۆی و نیزامەکەی گەیشتوون بە وێستگەی کۆتایی، بەڵام ئەو توانا و ئیرادەی گۆڕانی نیە.