
ڕۆژێ لەسەر تۆ نیشتمان، من دەبمە ڕێی ئەفسانەیەک
باڵندەئاسای تۆ دەبم، وەیلان لەبەر ھێلانەیەک
برایم چووکەڵی
لاپەڕە زێڕینەکانی خەباتی حەقخوازانەی نەتەوە زۆڵملێکراوەکەمان هەتا هاتوە زیاتر بە جوامێری و گیانفیدایی ڕۆڵە بوێر و خۆنەویستەکانی نەخشاوە.
ئەگەر چاوێک بە ڕابردوودا بخشێنین، بە دەیان و سەدان بیرەوەری تاڵ و شیرینمان دێتەوە یاد. لەگەڵ هەڵکێشانی هەر ئاخ و حەسرەتێک، ئەم بەسەرهاتانە ئەزموونی پێویستیان لێ وەردەگیرێ و، دەبنە هۆی دڵگەرمی زیاتر بۆ بڕینی ڕێگای پڕ لە کەند و لەندەکانی لوتکەی سەرکەوتن. بەڵام بێگومان تاڵترین بیرەوەری لە مێژوویی خەباتی ئەو نەتەوە ماف لێزەوتکراوە، بیرخەرەوەی ژیانی ڕۆڵەکانیەتی کە بۆ ڕزگاری خەڵک گیانیان پێشکەش بە ئازادی کرد.
لاوەکانی نەتەوەی ئێمە لاپەڕەکانی مێژوویان بە خوێنی خۆیان نووسیوەتەوە و دەنگی ئازادیخوازانەی کوردیان بە دنیا گەیاندوە و نەیانهێشتوە بۆ ساتێک دەنگی ئازادی کپ بێ و بەردەوام بۆ ئازادی لە بەرەنگاری و گیانفیداییدا بوون. ئەوان بۆ وەدیهێنانی ماف و ئازادی نەتەوەکەیان هیچ کات لە خەبات نەوەستان. ئەو خەباتە هەمیشە لە گەشەکردندا بووە، و لە سۆنگەی مێرخاسیی ئەوانەوە ئاڵای خەبات نەتەوەکەمان هەر شەکاوە بووە.
لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەم ژمارەیەدا دەچینە دەڤە دڵڕفێنەکانی شومالی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە کوێستانە دڵگیرەکانی تاوێک پشوو دەدەین. دەگەڕێینەوە بۆ ٤٢ ساڵ بەر لە ئێستا بۆوەئ بزانین لەو دەڤەرە تەژی لە فەرماندەی قارەمانە، کە بە گیان و ماڵەوە خۆیان بۆ سەربەستی نیشتمانەکەیان تەرخان کرد، باڵابەرزێکی دیکەی مەیدانی خەبات و خۆڕاگری بە خوێنەران بناسێنین. بەڵێ، لەنێو دەیان خونچەی تازە پێگەیشتوودا، و لەنێو باخچەی فەرماندەراندا یادێک لە شەهید "نوورەدین شکووهی" دەکەینەوە.
شەهید نوورەدین شکوویی کوڕی شوکوور دووهەمین شەهیدی بنەماڵەیە. نوورەدین لە ساڵی ١٣٠٩ی هەتاویدا، لە گوندی نێچەلا سەر بە ناوچەی سۆماوبرادۆست لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەردا چاوی بۆ ژیان هەڵێنا. لەنێو ڕۆڵەکانی کۆمەلگەی کوردەواریدا وردە وردە گەورە بوو و وەسەر پێکەوت.
نوورەدین خەریکی کار و کۆیرەوەری بوو بۆ پەیداکردنی نانی ڕۆژ. ناڕەحەتی و جەفای زۆری کێشا و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەپاندنی شەڕێکی ماڵوێرانکەر بە سەر خەڵکی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، نوورەدین یەکێک لەو لاوانە بوو کە بۆ داکۆکی لە کەرامەت و خاکی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی لەبەر کرد و لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە هێزی شەهید سەرگورد عەباسی سازمان درا.
نوورەدین زۆر زوو بە ئاکار و کردەوەی باش توانی جێگای خۆی لەنێو دڵی هاوسەنگەرانی بکاتەوە. وەک پێشمەرگەیەکی بە نەزم و ئازا ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبرد و ڕۆژبەڕۆژ سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا. لە مەیدانی خەبات و بەرخۆداندا کاری زۆر بە نرخی بەڕێوە برد، و لە زۆر شەڕی ناوچەدا بەشداری ئازایانەی کرد. هەر ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی کە پلەکانی پێشمەرگایەتی یەک لە دوای یەک ببڕی و وەک سەرپەل، جێگری لک و فەرماندەری لک ئەرکی پێئەسپێردرا.
نوورەدین لە بەرپرسایەتیی فەرماندەری لکدا گەلێک ئازاتر و بەرپرسانەتر ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد و هیچ کۆسپێک نەیاندەتوانی پێش بە پێشمەرگەی قارەمانی دێموکرات بگرێ و هەموو کەند و کۆسپەکانی لەسەر ڕێگای خۆی لا دەبرد و هەموو ڕەنج و ئازارەکانی کە بۆ خەبات و وەدەستهێنانی ئاواتەکانی گەلی کورد بە هەرزان دەزانی. لە مەیدانی فەرماندەییدا فەرماندەیەکی هەڵکەوتوو، چالاک و خەڵک خۆشەویست، خۆش ئەخلاق، بەئیمان و بە بیروباوەڕ بوو.
بەداخەوە شەوی ٢١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٢کە چەند ڕۆژێکی بۆ نەورۆز نەما بوو، و وردە وردە زستان جێی چۆڵ دەکرد بۆ بووکی سروشت، ساڵی تازە کە لەڕێدا بوو؛ گوڵی تەمەنی ئەو فەرماندەیە هەڵوەری.
پێشمەرگەکانی دێموکرات لە ناوچەی شومالی کوردستان هێرشیان کردە سەر پایەگای گوندی دۆبڕە لە ناوچەی تەرگەوەڕ و بە چەکی ئاگرینیان پایەگایان وێران کرد. لەو عەمەلیاتەدا چەندین بەکرێگیراوی دوژمن کوژران و بریندار بوون، بەڵام بەداخەوە لەو شەڕەدا سینگی نوورەدین شکوویی فەرماندەی خەباتکاری ناوچەی شومالی کوردستان کەوتە بەر گوللەی داگیرکەرانی کوردستان و خوێنی سووری لهپێناو ڕزگاری و دیفاع له ئازادی و بهختهوهری نەتەوەکەیدا ڕژایه سهر خاكی پیرۆزی نیشتمان.
شەهید نوورەدین لەنێو خەم و پەژارەی هاوڕێیانیدا لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا، و تێکەڵ بە کاروانی سەربەرزی شەهیدان بوو.