
دارسمە
لە سەردەمێکدا تەکنۆلۆژیا هەموو کونج و کەلەبەرێکی ژیانی داگیر کردوە، لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانەوە بگرە هەتا گەیشتن بە ئەستێرەکانی ئاسمان، پرسیارێکی گەورە دێتە ئاراوە: ئایا ناکرێت ئەم نیعمەتە زانستییە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە هەستیارترین و چارەنووسسازترین پرسەکانی "امت همیشه در صحنه"، واتە پرسی جێنشینی و بەردەوامیی "وەلیی فەقیهـ"، بەکار بهێندرێت؟ کێشەی بنەڕەتیی دانانی ڕێبەرێکی ڕەها، وەک هەر بوونەوەرێکی زیندووی دیکە، لە فانیبوون و سنوورداربوونی جەستەییدا خۆی دەبینێتەوە. ئەمەش ڕاستییەکی تاڵە و چەندین کێشەی گەورە بۆ "امت همیشە در صحنه" دروست دەکات کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ دەکەین:
یەکەم: کێشەی بەساڵاچوون و نەخۆشییە زەمینییەکان
ڕێبەریش، وەک هەموو مرۆڤێکی ئاسایی، بە تێپەڕبوونی کات پیر دەبێت. تەنانە ئەگەر بە کەڵکوەرگرتن لە دەواودەرمانی سروشتی و تەنانەت تریاکی بێگەردیش تەمەنی پیرۆزی درێژ بکرێتەوە، ناتوانرێت ڕێگە لە یاساکانی بایۆلۆجی بگرێت. بۆ نموونە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی "پرۆستات" لە تەمەنی بەساڵاچووندا زۆرە و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەرکە گرنگەکانی ڕێبەرایەتی دەبێت. ئایا "امت همیشه درصحنه" دەتوانێت بەرگەی ئەوە بگرێت ڕێبەرەکەی لەبری بیرکردنەوە لە چارەنووسی گەلان، بە دەردی چرکەمیزەوە بناڵێنێت؟
دووەم: مەترسییە ئەمنی و فیزیکییەکان
جەستەی ڕێبەر لە دەمار و ئێسقان و گۆشت پێکهاتووە و لە بەرانبەر هەڕەشە دەرەکییەکان زۆر ناسکە. لە کاتی هەر هێرشێکی ئاسمانی و مووشەکیی دوژمناندا، هیچ گەرەنتییەک نیە بۆ ئەوەی جەستەی پیرۆزکراوی ڕێبەر پارێزراو بێت. لە وەها دۆخێکدا، ئەگەر بەشێک لە جەستەی زەرەرمەند بێت یان هەموو جەستەی بە تەواوی ببێتە خۆڵەمێش، زیانێکی ئەوەندە گەورە بەر "نظام مقدس" دەکەوێت و "امت همیشه در صحنه"ش بۆ قەرەبووکردنەوەی دەستی لە هەرامەی هیچ کەس بەند نابێت.
سێیەم: قەیرانی دیاریکردنی جێنشین
یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکان دوای ئاوابوونی ڕێبەر سەرهەڵدەدات. "امت همیشه در صحنه" دەکەوێتە دووڕێیانێکی سەختەوە: ئایا "ئاغازادە" (کوڕی ڕێبەر) بکرێتە جێنشین و سیستەمەکە بەرەو پاشایەتییەکی میراتی ببرێت، یان ئاخوندێکی دیکەی بەتەمەن بدۆزرێتەوە کە پێی لەسەر لێواری گۆڕ بێت؟ ئەگەر بژاردەی دووەم هەڵبژێردرێت، کێشەیەکی دیکە سەر هەڵدەدات؛ چونکە ئەم جۆرە ئاخوندانە وەک بنەماڵەی ڕێبەر، بە تێری و تەسەلی نەژیاون و ئەگەری ئەوە هەیە بەخێرایی تووشی نەخۆشی و مەرگ بن، ئەمە سەرەڕای ئەوەیە ئەو کۆلکە ئاخوندانەی چاویان لە پۆستەکەیە، دژایەتیی ڕێبەری نوێ دەکەن.
ڕێبەری دیجیتاڵی لەسەر بنەمای هۆشی دەستکرد چارەسەرێکی باشە
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە بنەڕەتییانەی باسمان کردن، زانست و تەکنۆلۆژیای سەردەم چارەسەرێکی شۆڕشگێڕانەمان پێشکەش دەکات: "ڕێبەری دیجیتاڵی" یان "وەلیی فەقیهی دەستکرد". ئێمە دەتوانین زۆر زیرەکانە کەڵک لە داهێنانەکانی ڕۆژئاوا وەربگرین؛ با ئەوان باسی دێموکراسی و مافی ژنان و شتی لەو بابەتە بکەن و ئێمە تەکنۆلۆژیاکەیان بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی ویلایەتی فەقیهـ بەکار دەهێنین. بۆ نموونە، بۆمبی فسفۆری و هێشوویی و تەنانەت ئەتۆمیش لە کاتێکدا دروستکراوی ئەوانن، ئەگەر لەژێر دەسەڵاتی وەلیی فەقیهـدا بن، دەبنە مایەی خێر و بەرەکەت بۆ ئوممەت.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەمەیە: ئایا هۆشی دەستکردیش وەک تەکنۆلۆژیای پێشوو دەتوانێت خزمەت بە ئامانجی پیرۆزی دروستکردنی وەلیی فەقیهـی باش بکات؟ وەڵامەکەی بە دڵنیاییەوە "بەڵێ"یە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، لەم دواییانەدا، وڵاتی ئەڵبانیا وەزیرێکی دیجیتاڵیی بۆ کابینەکەی دروست کردوە، بۆئەوەی بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە. ئەگەر ئەم ئەڵبانیا بچووکە بتوانێت هەنگاوێکی وا گەورە بهاوێت، بۆچی ئێمە نەتوانین هەنگاوێکی لەوە گەورەتر بنێین و ڕێبەرێکی دیجیتاڵی بۆ خۆمان دابنێین؟
تایبەتمەندییە بێوێنەکانی وەلیی فەقیهی دیجیتاڵی:
١. نەمریی و بەردەوامی: ڕێبەری دیجیتاڵی تەمەنی لەگەڵ تەمەنی مرۆڤایەتیدایە و هەرگیز نامرێت. ئەمەش کۆتایی بە قەیرانی جێنشینی دێنێت و سەقامگیرییەکی هەمیشەیی مسۆگەر دەکات.
٢. سیما و ڕوخساری گەنجانە: دەکرێت بیچم و قەڵافەتێکی گەنجانە و پڕ وزەی بۆ دیزاین بکرێت و ببێتە هۆی هیوا و ورەبەخشین بە گەنجان.
٣. یادگەیەکی بێهاوتا: ڕێبەری دیجیتاڵی هەموو ڕێکەوتی ڕووداوەکان، فەتواکان و وتارەکانی بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر دێنەوە یاد و هیچ کاتێک دووچاری لەبیرچوونەوە و لێکچوونی بابەتان نابێت.
٤. بێ پێویستی بە خواردن و پشوودان: ئەم جۆرە ڕێبەرە پێویستی بە خواردن، خەوتن و تەنانەت تریاک و جگەرە و پشوودانیش نییە و ٢٤ کاتژمێری حەوت ڕۆژی هەفتە لە خزمەتی ئوممەت دایە. ئەمەش خەرجییەکی زەبەلاحی دەوڵەت کەم دەکاتەوە کە بۆ تەندروستی و خۆشگوزەرانیی ڕێبەری بایۆلۆجی خەرج دەکرێت.
٥. بەردەوام لە نوێبوونەوەدا: ڕۆبۆت و نەرمامێری ئەم کەسایەتییە دەکرێت بەردەوام نوێ بکرێتەوە و بە نوێترین زانیاری و لێکدانەوەی ڕۆژ بارگاوی بکرێت.
٦. چارەسەری پرسی جێندەری: بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، دەتوانرێت ڕێبەرێک بئافرێندرێت نە نێر بێت و نە مێ. ئەمەش دەبێتە هۆی بنەبڕکردنی هەر جۆرە مشتومڕێک لەسەر یەکسانیی جێندەری و دادپەروەرییەکی ڕەها دابین دەکات.
٧. ئەم جۆرە ڕێبەرە پێویستیی بەوە نابێت زەوی هەڵکۆڵێت و لە کونەتەیارەدا خۆی حەشار بدات.
لە کۆتاییدا، وێڕای پێزانین و سوپاسمان بۆ زانایانی هۆلەندی و ئەمریکایی کە بنەماکانی هۆشی دەستکردیان داڕشتووە، بە پەلە و بێ ڕاوەستان داوا لە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا و هۆشی دەستکرد دەکەین، ڕێبەرێکی "فوول کوالیتی" و بێخەوشمان بۆ بئافرێنن، تاوەکو ئوممەت لەم دڵەڕاوکێ و کێشە زەمینییانە ڕزگاری بێت و بۆ هەمیشە لە سایەی ویلایەتی فەقیهـی نەمر و هۆشمەنددا بژییت.