
بەپێی هەواڵێک کە بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە، کۆمەڵێک لە خەڵکی پیرانشار لەهەمبەر زیادبوونی تێچووی ئاو و کارەبا هاوکات لەگەڵ بڕینی ئەم دوو سەرچاوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیە لە دوایین پسوولەی ئاو و کارەبادا پارەیەکی یەکجار زۆرتر لە چاو ڕابردوو بۆ خەڵک هاتووەتەوە، بە شێوەیەک کە بۆ هێندێک لە ماڵەکان حەوت تا هەشت قات پارەی ئەم پسوولانە زیادی کردووە.
سەرچاوەکە بۆ ژووری هەواڵی زیاد کردووە کە ئەم بەرزبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژانە چەند کاتژمێر ئاو و کارەبای خەڵک بڕاوە.
ئەم سەرچاوە ناڕازیبوونی خەڵکی لەم بابەتە پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە کۆمەڵیک کەس بەم هۆیەوە چوونەتە ئیدارەکانی ئاو و کارەبا لە پیرانشار، بەڵام هیچ وڵامێکیان لە لایەنی پێوەندیدارەوە وەرنەگرتووەتەوە.
دۆخی ئاو و کارەبا بە گشتی لە کوردستان و ئێران لەژێر بەڕێوەبەریی ناکارامەی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووی قەیران بووەتەوە.
بە بڕوای کارناسان، ناهاوسەنگییەکانی کارەبا نە تەنیا بەم شێوەیە لە بەڕێوەبەری چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو بەردەوام پەرەی زیاتریش دەستێنێت و لە ساڵانی داهاتووشدا کاتژمێرەکانی پچڕانی کارەبا زیاتر دەبێتەوە.
هاوکات قەیرانی کەمیی ئاو و وشکەساڵی بەرەبەرە خەریکە بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان و ئێران پەرە دەستێنێت و ئاوی بەنداوەکان بە ڕادەیەکی بەرچاو و زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە کەمی کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ نامەیەکی نهێنیی بۆ هەموو وەزارەتخانەکان ناردووە و باسی لە قەیرانەکانی ئابووری، نەبوونی ئاو و کارەبا، قەیرانی ئەمنییەتی و بێکاریی کردووە کە ئەگەری هەیە ببێتە هەوێنی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە داهاتوویەکی نزیکدا.