
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران ڕایگەیاندووە کە تاران تا کاتی پێش هێرشی ئیسرائیل، پاشەکەوتی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەد پیتێندراوی خۆی بە ڕادەیەکی بەرچاو زیاد کردبوو.
بەپێێ ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز کە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان بڵاوی کردووەتەوە، ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی لە دوو ڕاپۆرتی نوێی وەرزانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە پاشەکەوتی ئورانیۆمی تاران تا ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردان کە دەسپێکی شەڕ بووە، گەیشتووەتە ٩٨٧٥ کیلۆ کە ٦٢٧ کیلۆ لە ڕاپۆرتی وەرزانەی پێشوو زیادی کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە پشتڕاستی دەکاتەوە کە پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی پیتێندراوی تا ئاستی ٦٠ لەسەدی تاران نزیک بە ٤٤١ کیلۆ بووە کە ٣٢ کیلۆ زیاتر لە وەرزی پێشوو بووە.
پاش هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی لە مانگی پووشپەڕدا، چیدیکە ئاژانس نەیتوانیوە چالاکییەکانی خۆی بۆ پشتڕاستکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکانی تاران بخاتەوە گەڕ.
ئاژانس ڕایگەیاندووە کە نزیک بە ٤٢ کیلۆ ئورانیۆمی پیتێندراو لە ئاستی ٦٠ لە سەددا، دەتوانێت بە پیتاندنی زیاتر بۆ دروستکردنی یەک بۆمبی ئەتۆمی گونجاو بێت. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نوێیە ئاژانس پاشەکەوتەکانی ئورانیۆمی ٦٠ لەسەدی ئێستای کۆماری ئیسلامی دەکرێت کە نزیک بە ١٠ بۆمبی ئەتۆمیی پێ دروست بکرێت.
ئاژانس هاوکات ڕاپۆرتێکی دیکەشی بڵاو کردووەتەوە کە لە پێوەندیی لەگەڵ دوو چاوەدێری ئەم ڕێکخراوەیە کە لە مانگی بانەمەڕدا سەردانی بنکەی ناوکیی "فۆردۆ"ـیان کردبوو و پاش ئەنجامی پێئەسپێردراوییەکەیان، چەند لاپەڕە لە شرۆڤەکانی خۆیان بۆ ڤییەن بردبوو.
ئاژانس لەم پێوەندییەدا زیادی کردووە کە کاری ئەم دوو چاوەدێرەی بە هیچ شێوەیەک پێشێلکردنی نهێنییەکان نەبووە و جەختیشی کردووەتە کە ئەم چەند لاپەڕە تەنیا شرۆڤەیەک سەبارەت بە نێو بیناکە بووە و لە ئاستێکدا نەبووە کە ئەمنییەتی دامەزراوەکە بخاتە مەترسییەوە.
کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بەم هەوڵە، ڕێگەپێدراوی و مۆڵەتی ئەم دوو چاوەدێرەی ئاژانسی پووچەڵ کردەوە.
ڕافائێل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ناوکی، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە تاران هەرچی زووتر دەبێت لەسەر گەڕانەوەی چاوەدێران بۆ بنکە ناوکییەکانی لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە ڕێک بکەوێت و خوازیاری ئەوە بووە کە ئەم بابەتە بە هیچ شێوەیەک نابێت چەند مانگ بخایەنێت و دەبێت لە ماوەی یەک حەفتەی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت.