کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارەمین کۆڕەشێعری ساڵانەی کوردیی "تا زرێبار و دێڕێک" لە مەریوان بەڕێوە چوو

16:06 - 13 خەرمانان 2725

چوارەمین کۆڕی شێعری "تا زرێبار و دێڕێک" بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەدیببان و نووسەرانی کوردستان لە هۆڵی مامۆستا قانعی مەریوان لەلایەن ئەنجومەنی فەرهەنگی ــــ ئەدەبیی مەریوانەوە بەڕێوە چوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، کۆمیتەی شێعری ئەنجومەنی فەرهەنگی ــــ ئەدەبیی مەریوان کۆڕەشێعری "تا زرێبار و دێڕێکـــ"ـــی بە بەشداریی ڕێژەیەکی بەرچاو لە نووسەران و ئەدیبانی کوردستان لە هۆڵی مامۆستا قانع بەڕێوە برد.

ئەو کۆڕەشێعرییە، پڕۆژەیەکی بێوێنەیە کە بووەتە مەڵبەندێک بۆ کۆکردنەوە و یەکڕیزکردنی ئەدیب و نووسەرانی کورد لە هەموو زاراوە کوردییەکان" و بەشداریی شاعیرانی سەرانسەری کوردستان کە شێعرەکانیان بە هەموو زاراوەکانی "لەکی، لوڕی، فەیلی، کەلهوڕی، گەڕووسی، کرمانجی، هەورامی و سۆرانی" پێشکەش کردووە.

لە دەسپێکی کۆرەشێعرەکەدا، پەیامی ئەنجومەنی فەرهەنگی ـــ ئەدەبیی مەریوان لەلایەن عەزیز ناسرییەوە خوێندراوەتەوە.

 ناوبراو لەبارەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆڕەشێعرەوە وتی: "شێعر لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینەوە تا شادی و هەڵپەڕین، نیشتمانی هەر لە بیرماندا هێشتووەتەوە و شایەتی گەورەی مێژووییش، ئەدەبی کوردیی گۆرانمانە کە تایبەتترەکەی وەک بڕبڕەی پشتی زاگرۆسی نیشتمان هەر لە لوڕستانی شاخوەشێنەوە بگرە تا ئیلامی دێرین و کرماشانی شیرینی گرێ داوەتەوە بە شێخی سەفاخانەی هەوشارەوە. لەخۆڕا نییە شێعر دراوسێی هەمیشەیی هەناسەکانمان بووە".