
بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان، زەوی و زاری جووتیارانی گوندەکانی نزیک بەنداو لە ناوچەی بۆکان و بە تایبەت گوندەکانی ناوچەی سایین قەڵا و هەوشار تووشی کەم ئاوی و بێ ئاوی بوونەتەوە و بەشی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو گوندانە وشک بووە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە ڕۆژانە ئاوی بەنداوی بۆکان بۆ شاری تەورێز و شارەکانی دیکەی پارێزگای تەورێز دەچێت.
بە وتەی کەسی شارەزا لە ئاو، ئاستی ئاوی بەنداوی بۆکان زیاتر لە ١٠ میتر کەمی کردووە و ڕۆژانە ١٠ سانتی میتر لە ئاستی ئاوی سەدی بۆکان کەم دەبێتەوە.
بەپرسانی ڕێژیم لە بۆکان لەو ماوەیەدا بەڵێنیان بە جووتیارانی ناوچەکانی نزیک لە بەنداوی بۆکان دابوو کە هەناردەکردنی ئاوی ئەو بەنداوە بۆ تەورێز کەم بکەنەوە، بەڵام نەک ئەو کارەیان نەکردووە بەڵکوو ئاوی زیاتر بۆ شاری تەورێز و شارەکانی دیکەی ئەو پارێزگایە دەنێردەرێت.
بۆکان کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی شارەکانی دیکەیە ئێستا خۆی لەگەڵ کەمیی ئاو بەرەوڕوویە و خەڵک داوایان لە ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم کردووە کە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن، بەڵام هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و ئەوەش ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.