کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخشرانی ڕەگەزنامەی ئێفتخاری بە سێ چالاکوانی ژنی مەحکووم بە سێدارە

12:27 - 10 خەرمانان 2725

شۆرای شاری فابریانۆ لە ئیتالیا بە کۆی دەنگی سەرجەم ئەندامانی، گەڵاڵەی پێدانی ڕەگەزنامەی ئێفتخاری بە وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی، سێ چالاکوانی ژنی مەحکووم بە سێدارەی، پەسەند کرد.

مارتا ڕیچیۆتتی، ئەندامی شۆاری شاری فابریانۆ، ڕۆژی هەینی ٧ی خەرمانان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، ئەو بڕیارە "بەهۆی چالاکیی ئاشتیانەیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و کرێکاران" دراوە و دەستپێشخەریی کۆمیسیۆنی دەرفەتی یەکسانی ئەو شارە بووە.

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە: "بەخشینی هاووڵاتیبوونی ئێفتخاری تەنیا کردەوەیەکی سەمبولیک نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دەنگدان بەو کەسانەی کە خەبات بۆ ئازادی و کەرامەتی ئینسانی دەکەن. هەروەها ئەم بڕیارە بە مەبەستی زیادکردنی گوشارە نێودەوڵەتییەکانە بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانەکان و بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بەو حوکمانەدا بچنەوە".

پێشتریش لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٤ شۆاری شاری پۆجیبۆنسی لە پارێزگای توسکانی بە کۆی دەنگ ڕەگەزنامەی ئیفتخاری بە وریشە مورادی بەخشیبوو.

"کەمپینی ئازادیی وریشە مورادی" بە پێشوازی لە بڕیارەکەی شۆاری شاری فابریانۆ،  جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێویستیی هەڵوێستگرتن لە بەرامبەر دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە و زیندانییانی دیکەی سزای لەسێدارەدان دەکاتەوە، هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکات کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی ئەو چالاکوانانە هەنگاو بنێن.