کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی یەکێکی دیکە لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژینای لە سێدارە دا

10:25 - 15 خەرمانان 2725

هەواڵدەریی ''میزان''، سەر بە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، لە سێدارەدانی مێهران بەهرامییان، یەکێک لە دەسبەسەرکراوەکانی بزووتنەوەی ''ژن ژیان ئازادی'' لە ساڵی ١٤٠١ لە "سێمیرۆم"ی ئیسفەهان، جێبەجێ کرا.

چەند کاتژمێرێک دواتر ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە بنەماڵەی مێهران بەهرامییان بۆ دوا سەردان بۆ ئیسفەهان بانگ کراون.

مێهران بەهرامییان، پاش چەند ساڵێک لە بەندیخانە و ئەشکەنجەدان، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا، بەڵام ماوەیەک پێش ئێستا جارێکی دیکە دەسبەسەر کرایەوە و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

دادگای پێداچوونەوەی شاری سێمیرۆم لە ڕێبەندانی ١٤٠٢ بە سەرۆکایەتی تەوەکولی، حوکمی لەسێدارەدانی مێهران و فازڵ بەهرامییان، دوو برای دەسبەسەرکراو لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٤٠١ پشتڕاست کردبووە.

هەر لەو دۆسیەیەدا یونس بەهرامییان و داریوش ساعێدی هەریەکەیان بە ١٦ ساڵ زیندان سزا دراون و لە دادگای پێداچوونەوە حوکمەکانیان پشتڕاست کراوەتەوە. هەروەها بەهارە شیری دایکی دادخوازی عەلی عەباسی یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان بە هەشت ساڵ زیندانی سزادرا.

لە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠١ لە کاتی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە سێمیرۆم سێ کەس بە ناوەکانی عەلی عەباسی، موراد بەهرامییان و موسلێم هووشەنگی بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم کوژران.

ڕێوڕەسمی چلەی ئەو سێ کەسە لە ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانباری هەمان ساڵدا بوو بە خۆپیشاندانێکی گەورە دژی ڕێژیم. لە تێکهەڵچوونەکانی ئەو ڕۆژەدا، بەسیجییەک بە ناوی مۆحسێن ڕەزایی کوژرا و دەستبەجێ شەپۆلێکی دەسبەسەرکردن دەستی پێکرد.

هێزە سەرکوتکەرەکان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو شارە بڵاوەیان پێ کراو و هێرشیان کردە سەر ماڵی کەسوکاری کوژراوکان. لە یەک کاتدا خوشکی عەلی عەباسی و دوو برای موراد بەهرامییان دەسبەسەر کران.

پاش دە ڕۆژ، مێهران و فازڵ بەهرامییان بۆ گرتنەگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە "دەوڵەت ئاباد"ی ئیسفەهان گوازرانەوە و تا مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠١ لە ژوورە تاکەکەسییەکان ئەشکەنجە دران، دواتر بۆ بەندیخانەی دەستگێرد لە ئیسفەهان گواسترانەوە.