کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانبەختکردنی ژینگەپارێزێکی دیکە لە مەریوان

10:35 - 15 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، گەنجێکی ژینگەدۆستی خەڵکی مەریوان بە ناوی "ڕێبین گۆرانی" دوای ٨ رۆژ مانەوە لە کۆمادا لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ی سنە، گیانی لە دەستدا.

ڕێبین گۆرانی یەکێک لە ڕۆڵە بەجەرگ و ژینگەپارێزەکانی نەتەوەکەمان بوو کە خۆبەخشانە و بە هەستێکی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی "هەنجیران"ی مەریوان هاتە مەیدان و لەو ڕێبازەدا شەهید بوو.

شەهیدبوونی ناوبراو لەکاتێکدایە کە تەنیا چل ڕۆژ بە سەر شەهیدبوونی سێ چالاکوانی دیکەی ژینگەپارێزی شاری سنە تێدەپەڕێت، "شەهیدان حەمید مورادی، چیاکۆیووسفی وخەبات ئەمینی"  کە لە هەوڵی کوژاندنەوەی بڵێسەی ئاگری کێوی ئاویەر شەهید بوون. ڕێبین چوارەمین شەهیدی ژینگەپارێزی ئەم دواییانەیە کە قوربانیی سیاسەتی دژەژینگە و دژەمرۆڤی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
هەروەها دووپاتبوونەوەی ئەم ڕووداوە تاڵانە، ئەوە دەردەخات کە چۆن ئاگرکەوتنەوەی بە ئەنقەست، ناکارامەیی بەرپرسانی حکوومەت و نەبوونی تەنانەت سەرەتاییترین کەرەسەتەکانی ئاگرکوژێنەوە، یەک لە دوای یەک لاوەکانی نیشتمان دەکاتە قوربانی.