
پچڕانی کارەبا لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی ئێران گیانی نەخۆشەکانی خستووتەوە ژێر مەترسییەوە و بەو هۆیەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژنامەی "ئێعتماد"ی سەر بە ڕێژیم لە دووتوێی ڕاپۆرتیکدا، سەرەڕای باسکردن لە زیانەکانی پچڕانی کارەبا لە هەموو بوارەکانی ژیانی خەڵکی ئێران، ئاماژەی بەوە داوە کە بەهۆی پچڕانی کارەبا ڕۆژانە هەزاران نەخۆش لەگەڵ مەترسیی گیانلەدەستدان و کەمئەندامبوون بەرەوڕوون.
ئێعتماد باسی لەوە کردووە زۆربەی ئەو کەرەستە پزیشکییانەی کە بە ەکارەبا کار دەکەن بەهۆی پچڕانی بەردەوامی کارەباوە تووشی زیان بوونە و هەروەها بەهۆی کەمیی ئەو کەرەستانە لە ئێران گیانی هەزاران نەخۆش مەترسیی جیددییان لەسەرە.
ئەو ڕۆژنامەیەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە چەندین کەس هێزی بینایی چاویان بەهۆی پچڕانی کارەبای ژووری نەشتەرگەرییەکانەوە لەدەست داوە.
هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە پەرژاوەتە سەر ئەوەی کە پچڕانی کارەبا، گۆشت، مریشک و میوەی دووکاندارانی خراپ کردووە کە خەڵکیش بەهۆی بەکارهێنانیانەوە نەخۆش دەکەون و لە نەخۆشخانەکانیش بە هەمان شێوە بەهۆی بڕینی کارەباوە چارەسەرە پزشکییەکان بەرەوڕووی گرفتی جیددی بوونەتەوە.
شایانی باسە ئەو ڕۆژنامەیەی ڕێژیم لە کۆتایی ئەو ڕاپۆرتەدا بە جێگەی گەیاندنی هاواری خەڵک بە ئیدارە پێوەندیدارەکان و زەقکردنەوەی ئەو قەیرانە، باسی لە کێشە و گرفتی وڵاتانی دیکە کردووە و بە ڕووهەڵماڵیاوییەوە نووسیویەتی: "لە وڵاتانی دیکە وەکوو ئێکوادۆر، ڤێنێزۆئێلا، ئۆکراین و ئەمریکاش خەڵک بەهۆی پچڕانی کارەباوە گیانیان دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە".