کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی کوردستان لە ئیلام بەرز ڕاگیرا

12:05 - 15 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی چلەی شەهیدانی ژینگەپارێزی ئاویەری سنە لە ئیلام بەڕێوە چوو.

"چیاسەوز"ی ئیلام میوانداری ژینگەپارێزانی سنە، کرماشان و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لەو ڕێوڕەسمەدا دەورو و ڕۆڵی ئەنجۆمەنی ژینگەپارێزانی ئیلام دیار و بەرچاو بوو.

وەبیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ژینگەپارێزی ئاویەری سنە، شەهیدان حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفینژاد و خەبات ئەمینی و هەروەها تێکۆشان بۆ پاراستنی ژینگە و سروشتی کوردستان تەوەری ئەم گردبوونەوەیە بوو.

لە بەشێکی ڕێوڕەسمەکەدا بەیاننامەی داواکاری و خواستی ژینگەپارێزان خوێندرایەوە و لە کۆتاییشدا دەڤەری چیاسەوزی ئیلام لەلایەن گرووپی ژینگەپارێزی ئیلامەوە خاوێن کرایەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤، ئاگرێکی بەرفراوان کێوی ئاویەر لە شاری سنەی گرتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی خۆبەخش و چالاکانی ژینگەپارێزی بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ڕوویان لە ئاویەر کرد.

گۆڕانی ئاراستەی با لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، بووە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە ژینگەپارێزەکان لەنێو ئاگردا گەمارۆ بدرێن و تووشی سووتانی جیددی بن کە لە ئاکامدا بووە هۆی شەهیدبوونی سێ لاوی ژینگەپارێز و برینداربوونی چەند کەسی دیکە.