کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری وەرزێڕی: دۆخی بێ ئاوی قەیراناویتر لەوەیە کە باسی لێ کراوە

16:30 - 10 خەرمانان 2725

وەزیری وەرزێڕیی ڕێژیم سەبارەت بە دۆخی قەیراناویی دابینکردنی ئەمنییەتی خۆراک لە ئیران هۆشداریی دا.
غوڵامڕەزا نووری قزڵجە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان لە دانیشتنێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاماژەدان بە وشکەساڵی و کەمکردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لە بەشی وەرزێڕیدا وەک ئامانجی ئەم وەزارەتخانە وتی: "هێشتا ئەو ژمارە دیاریکراوە ڕادەستی ئێمە نەکراوە کە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو تا ئەو ڕادەیە کەم بکەینەوە".
قزڵجە جەختیشی کردووەتەوە، ئەو ڕێژەیە کە باسی لێ کراوە زۆر کەمتر لەو ڕێژەیە کە لە بەرنامەی وەزارەتی وەرزێڕیدا بووە و ئەوەش بەو مانایەیە کە دۆخەکە زۆر قەیراناویتر لەوەیە کە باسی لێ کراوە.
وشکەساڵی، نەبوونی بەڕێوەبەریی کارامە و زێدەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاو، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمیی ئاو لە ئێران.
بەپێێ ڕاپۆرتە فەرمییەکان، بەهۆی وەرزێڕیی سوننەتی و کۆن لە ئێران، ٨٠ تا ٩٠ لەسەدی سەرچاوە ئاوییەکانی ئێران لە بەشی وەرزێڕیدا بەکاردەهێندرێت.
ڕۆژنامەی "ویک" لە مانگی بانەمەڕدا سەبارەت بە گەورە قەیرانی ئاو لە ئێران هۆشداری دا و ڕایگەیاندبوو کە ئێران لە بەرەبەری نابوودیی ئاویدایە و ئەگەری هەیە ئەم قەیرانە ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
لە ئێستادا دەوڵەت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییان بەرەوڕووی کێشە بووەتەوە و لە هەمان کاتیشدا پێویستە کە ئاگاداری دابینکردنی ئەمنییەتی خۆراک لە ئێران لە ڕێگەی ورزێڕییەوە بێت.
نووری قزڵجە لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم پێشتر سەبارەت بە ئەمنییەتی خۆراک هۆشداریی بەو وەزارەتی وەرزێڕی داوە.
بەپێی زانیارییەکان وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم ڕێکەوتی ٢٠ گەلاوێژی ئەمساڵ نامەیەکی نهێنیی بۆ وەزارەتخانەکانی ڕێژیم ناردووە و باسی لە چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و ڕاگرتنی فرۆشی نەوت هاوکات لەگەڵ قەیرانە گەورەکانی ئابووری، ئەمنییەتی و بیکاری کردووە دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی خەڵک.
بەپێی ئەم زانیارییانە لە یەکێک لە بەندەکانی ئەم نامەیەدا ئاماژە بە ئەمنییەتی خۆراک کراوە کە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هەوێنی دروستبوونی قەیران و ناڕەزایەتیی خەڵک.

هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکان بۆ سەر ئێران و هەروەها نەبوونی ئاو و دروستبوونی مەترسی لە سەر ئەمنییەتی خۆراک، بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەرەکانی دەسپێکردنەوەی شەڕ، وێدەچێت کە لە داهاتوودا قەیرانی کەمیی خۆراک یەکێکی دیکە لە گەورە قەیرانەکان بێت کە لە ئاکامی سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی داوێنگیری خەڵکی ئێران بێت.