کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەی ئێکسپرێس: سپای پاسداران لە هەوڵی دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لە بریتانیایە

12:12 - 15 خەرمانان 2725

ڕۆژنامەی "ئێکسپرێسـ"ـی بریتانیایی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لەو وڵاتە لە ڕێگەی ئانلاین و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە کردووە.

ئیکسپرێس ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی بریتانیایی بەرەو کاری سیخوڕی ڕابکشێت و لە "شانە نووستوو" و تاکـەکاندا ڕێکیان بخات.

ئەم رۆژنامە بریتانیاییە لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە ئامانجەکانی سپای پاسداران لە دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لەو وڵاتە کردووە و ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران بۆ سیخوڕی بە سەر کەسانی تایبەت، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و ئازاری دژبەران ئەم هەوڵانەی خستووەتە گەڕ.

هەر لەم پێوەندییەدا ڕێکخراوی ئەمنییەتی نێوخۆیی بریتانیا "MI5" لەو بارەوە ڕایگەیاند: "لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینییەوە تاکوو ئێستا، زیاتر لە ٢٠ پیلانی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران کە هەڕەشەی جیددیی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان و دانیشتوانی بریتانیا بووە، پووچەڵ کراوەتەوە".

هەروەها وتەبێژی پۆلیسی دژەتێرۆری بریتانیا ڕێژیمی ئێرانی بە پشتیوانی لە تێرۆریزم لە شەقامەکانی بریتانیا تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند کە ئەو ڕێژیمە بەردەوام لە هەوڵی کردەوە تیرۆریستییەکاندایە.

دەوڵەتی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی خەرمانان، لە هەڵسەنگاندنێکی نوێدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە "هەڕەشەیەکی ئەمنیەتیی ئاڵۆز، بەربڵاو و بەردەوام" ناساندووە و هەروەها دژایەتییەکانی تاران لەگەڵ ئیسرائیلی بۆ بەشێک لە زاتی سەرەکیی ڕێژیمی ئێران گەڕاندووەتەوە.

دەوڵەتی بریتانیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا لانیکەم ٢٠ گەڵاڵەی تیرۆر و ڕفاندنی لە بریتانیا بەڕێوە بردووە.