کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس

13:28 - 15 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی (٥ی سێپتەمبری ٢٠٢٥) لە پاریس، پایتەختی فەرانسە لە پارکی ئاندغێ سیتغۆئێن «ڕێڕەوی پێشمەرگە» کرایەوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانیی پاریس و سەرۆکی شارەوانیی ناوچەی پانزەی پاریس و چەندین کەسایەتیی سیاسی و حکوومیی فەرانسە، بەڕێز مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز حەسەن شەرەفی ئەندامی دەستەی کارگێڕی بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا هونەرمەندی کورد «ئەلەند» سروودی «ئەز هوجامم»ی خوێندەوە و دواتر هەر یەک لە بەڕێزان فیلیپ گوژۆ شارەوانی ناوچەی پانزەی فەڕەنسا، ئان هیدالگۆ شارەوانی پاریس، غۆماغیک غۆنیۆ، دیپلۆماتی فەرانسەیی و هەروەها بەڕێز مەسعوود بارزانی وتارێکیان سەبارەت بە ڕۆڵی پێشمەرگە و کورد لە تێکشکاندنی تیرۆریزم و داعش و گرنگیی پێوەندیی نێوان فەرانسە و کورد پێشکەش کرد. 

لە کۆتاییشدا "شوان پەروەر"، هونەرمەندی نیشتمانی، سروودێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەر لە سەردەمی سکرتێریی شەهید دکتۆر قاسملوودا پێوەندییەکی بەهێز و پتەوی لەگەڵ دەوڵەتی فەرانسە هەبووە و شەهید د. قاسملوو یەکەم سەرکردەی کورد بووە کە لە سەرەتای هەشتاکانی زایینیدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەوکاتی فەرانسە، فڕانسوا میتران هەبووە.
جێی ئاماژەیە ڕێڕەوی پێشمەرگە لە ناوچەی ١٥ی پاریس و لە پارکی "ئاندغێ سیتغۆئێن" کە شوێنێکی ناسراو و گەشتیارییە هەڵکەوتووە.