
عەلی بەهرامی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەم حیزبی دێرین، گەورە و مودێرنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا یۆبیلیی ٨٠ ساڵەی خۆی بە شێوەیەکی شایان لە باکوور بۆ باشووری کوردستانی ئێران، ئورووپا و ئامریکا جێژن گرت و پێی نایە ٨١ەمین ساڵی تەمەنی پڕ شانازیی کار و چالاکی خۆیەوە. ئەم حیزبە لە ماوەی ٨٠ ساڵ تەمەنی خۆیدا گەلێک دەستکەوت و شانازی بۆ نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەست هێناوە و کار و تێکۆشان و خەباتی بێ وچانی بۆ وەدەست هێنانی دەستکەوتی زیاتری سیاسی و نەتەوەیی بە گڕوتینەوە درێژەی هەیە.
حیزبی دێموکرات لە کاتێکدا پێی نایە ٨١ ساڵەی تەمەنی خۆی، کە ڕێژیمی ئێران و ڕۆژهەڵاتی مەکۆی خەبات و مەیدانی چالاکی حیزب بە دۆخێکی تایبەت و هەستیاردا تێدەپەڕن کە پێویست بە لێ وردبوونەوەیە، لەبەر ئەوەی دوورەدیمەنی دۆخەکە زۆر جیاوازە لە ساڵانی پێشوو. ئەوە یانی ساڵی داهاتوو و کۆمەڵێک ڕواداو ئەگەری ڕودانیان زۆرە کە پەیوەندی بە ژیانی سیاسی حیزبی دێموکرات و نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵات هەیە و پێویستە حیزبێکی سیاسی چالاک و خاوەن پێگەی جەماوەریی و ئیعتیباری سیاسی وەک حیزبی دێموکرات خۆی بۆ ئامادە بکات و بەو جۆرەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکەن، حیزب کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرێ و ئاستەنگەکان وەلا نێ.
بە هۆی سیاسەتی هەڵە و نەزانانە و گەندەڵکارانەی ئاخوندەکان، چەندین قەیرانی گەورە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە. ئەو قەیرانانە بریتین لە هەژاری لە ڕادەبەدەر، هەڵاوسان و گرانی، بێکاری، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، نەبوونی برق، پەرەسەندنی فەزای ئەمنیەتی و پۆلیسی و سەرکوت، بەرتەسکتر بوونەوەی ئازادیەکان، پەرسەندنی گەندەڵی ئیداریی، نەبوونی دڵنیایی و... وایان کردوە کە ئاستەنگ و گرفتی زۆر لە ژیانی خەڵکدا دروست بێ و ڕێژیمی دەسەڵاتدار لە ڕاست ئەم قەیرانانە دۆش داماوە و توانای چارەسەریی نیە. ئەوەیش دەرفەت و هەلی زۆری بۆ شۆڕش و ڕاپەڕینی نوێی جەماوەری ڕەخساندوە.
هەروەها دەسەڵاتی سیاسیش لە ئێران تووشی ئالەنگاری و ئاستەنگی زۆر بووەتەوە، لە مانگی جۆزەردانی ڕابردوودا ئەم دەسەڵاتە کەوتە بەر پەلاماری ئیسرائیل و لە ماوە ١٢ ڕۆژدا بەشی سەربازی، ناوەکی، مووشەکی و ژمارەیەکی زۆر لە کادری سەربازی و پسپۆڕی ئەتۆمی ڕێژیم کرانە ئامانج و لەلایەن ئیسرائیلەوە لە نێو بران. بە هۆی کاریگەریی ئەو پەلامارانە ڕێژیم پێ مل بوو بە ئاگربڕ لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕێژیم ئامادە نیە دەست لە بەرنامەی ناوەکی و پیتاندنی ئۆرانیوم هەڵگرێ و درێژە بە پیتاندن ئۆرانیوم دەدا و بەردەوامە لە پشتیوانی گروپ و تاقمە ترۆریستیەکان، ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەر و پەلامار بۆ سەر ڕێژیمی ئێران ئەگەرێکی بەهێزە. هاوکات وێڕای بە ئامانج گرتنی بنکە ناوەکیەکانی ڕێژیم لەلایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە، پێمل نەبوونی ڕێژیم بە وازهێنان لە بەرنامەی پاڵاوتە و پیتاندنی ئورانیۆم، ٣ زلهێزی ئوروپایی لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش داوای وەگەڕ خستنەوەی میکانیزمی ماشە و سەپاندنەوەی گەمارۆ ئابووریەکانیان بۆ سەر ڕێژیم کردوە. لە ئەگەری سەپاندنەوەی گەمارۆکان بە سەر ڕێژیمدا لەلایەک ڕێژیم دەکەوێتە ژێر بارێکی قورسی ئابووری و سیاسی و بە ئەگەری زۆر هەنگاوی زیاتر لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ لاوازتر کردنی دەسەڵاتی ئێران و لە وەها حاڵێکدا قەیرانی زیاتری ئابووری برۆکی خەڵکی ئێران دەگرێ و دۆخەکە لەوەی ئێستا زۆر خراپر دەبێ. لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ڕێژیم هەر بەردەوام بێ لەو سیاسەتانەی ئێستای بەرنامەی لێدانی ئەو دەسەڵاتە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەست پێ بکاتەوە.
بەو پێودانە ساڵی داهاتوو ساڵێکی تایبەت و ڕەنگە یەکلا \کەرەوە و چارەنووسساز بێ لە ئێران و بە پێی ئەوەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەن ئەزموونی کاری سیاسی لە بەرامبەر دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆر، لەو دەرفەتانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بە دەست هاتووە وەک کۆمار و بەرێوەبەریی کۆمەڵگەی کردوە و خاوەن پێگەیەکی سیاسی، جەماوەریی گەورەیە، ئەرکی زیاتر دەکەوێتە سەر شانی ئەو حیزبە.
یەکێک لە ئەرکەکانی حیزبی دێموکرات لەم ساڵەدا ئەوەیە کە دەم و دەست ناوەند یان بەرەیەک لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەی ڕابردوویەکیان لە بزوتنەوەی کوردستاندا دەوریان گێڕاوە، دروست بکات. بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانن پلاتفۆرمێکی هاوبەشی کوردستانی داڕێژن، بە مەبەستی یەکەم: بە هاوبەشی بۆ دروست بوونی ئاڵتێرناتیوی دەسەڵاتی ئێستای ئێران هەوڵ بدەن. دووهەم: لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ لێدان لە پێگەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئاخوندی لە کوردستان و لە پاش ئەو ڕیژیمە، ڕێبکەون لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کورستان و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پارڵەمانی کوردستانی ئێران بکرێ. ئەو دوو هەنگاوە لە قۆناغی ئێستادا دەتوانێ بەرچاو ڕوونی زۆر بە خەڵکی کوردستان و ئێران بدا بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی لە دوای دەسەڵاتی ئاخوندەکان، وەڵات تووشی شێواوی و بۆشایی دەسەڵات نابێ. هەر بۆیە دەتوانێ زیاتر هاندەر بێ بۆ جەماوەر کە بەبێ ترس لە داهاتووی وەڵات پشتگیری خەباتی ئازادیخوازی بکەن. هەروەها بوونی ئاڵتێرناتیوی ڕێژیم بەرچوروونی و نەخشەڕێی سیاسی دەداتە دەست کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی کە لە دوای دەسەڵاتی ئاخوندەکان ئێران چۆن دەبێ. لە هەر دوو بابەتەکەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە پێی ئەزموونی لە دامەزرانی سیستەم و دامەزراوەی دەوڵەت و بەڕێوەبەریی و بە پێی پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی دەتوانێ دەوریی سەرەکی و کاریگەر ببینێ لە ڕوخانی دەسەڵاتی گەندەڵ و دیکتاتۆری ئاخوندەکان و دێموکراسی و ئازادی بۆ ئێران و دابین کردنی مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان و لە ٨١ەمین ساڵی تەمەنی خۆیدا دەستکەوتێکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی دیکە لە ژیانی سیاسی خۆیدا تۆمار بکا و بیخابە سەر کۆی سووری خەرمانی پڕ بەرەکەتی خۆی.