کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیت هێگسێت: بڕیارە لێبڕاوانە شەڕ بکەین و شەڕکەری بەتوانا پەروەردە بکەین

15:50 - 15 خەرمانان 2725

 وەزیری شەڕی ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی بە بڕیاری دۆناڵد ترامپ ناوی وەزارەتەکەی لە وەزارەتی بەرگرییەوە بۆ وەزارەتی شەڕ گۆڕی، ڕایگەیاند کە ئەم گۆڕینی ناوە ڕەواڵەتیی نییە، بەڵکوو گەڕاندنەوەیە بۆ ورەی شەڕکەری و وەدیهێنانی سەرکەوتن.

پیت هێگسێت بە ئاماژەدان بە گۆڕینی ناوی وەزارەتەکەی وتی: "وەزارەتی شەڕ بڕیارە لێبڕاوانە شەڕ بکات، نەک شەڕی ئاسایی، بەڵکوو شەڕێکی بێ کۆتایی".

هێگسێت لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمریکا بڕیارە نەک تەنیا بەرگریکار، بەڵکوو شەڕکەری بەتوانا پەروەردە بکات و هەروەها نەک تەنیا بەرگری بەڵکوو پلانی هێرشبردنیشی هەبێت.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پەیامی گۆڕینی ناوی وەزارەتی شەڕی بۆ دوژمنانی ئەمریکا بە "بەهێز و سەرکەوتوو" ناو برد و وتی: "ئەمریکا زۆر بەهێزتر لەوەیە کە ئێوە بیری لێ دەکەنەوە".

ترامپ لە کاتی واژۆکردنی بڕیارنامەی گۆڕینی ناوی وەزارەتی بەرگری بە وەزارەتی شەڕ، ئاماژەی بە هێرش بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کرد و وتی: "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو و بێ کەموکووڕی بووە و ئەو ئۆپەراسیۆنە زیاتر لە هێرشێکی ئاسایی بوو".