کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ئێرانی بە قاچاخی ماددەی کیمیایی بۆ حوسییەکان تۆمەتبار کرد

15:54 - 15 خەرمانان 2725

ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ئێرانی بە قاچاخی گازی ژەهراوی و ئەو کەرەستانەی کە لە دروستکردنی چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێن بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان لە یەمەن تۆمەتبار کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی دەوڵەتی یەمەن، کارناسانی سپای پاسداران بۆ دروستکردنی ئەم چەکە قەدەغەکراوانە، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی درووستکردنی کارخانەیەک لە یەمەن دەکەن.

موعەمەر ئەلریانی، وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن، وتی: "ڕاپۆرتە جێی متمانەکان دەریدەخەن کە گرووپی حووسییەکان دەستیان کردووە بە ئامادەکردنی ئەو کەرەستە کوشندانە و جێگیرکردنیان لە سەر مووشەکی بالستیک و دڕۆنەکانن".

ئەلریانی ڕوونی کردەوە کە دانپێدانانی ئەم دواییەی وەزیری بەرگریی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە دروستکردنی ژێرخان و کارخانەی بەرهەمهێنانی چەک لە وڵاتانی دیکەدا، لەگەڵ هۆشدارییە دووبارەکانی دەوڵەتی یەمەن سەبارەت بە هەوڵەکانی تاران بۆ خۆجێیکردنی بەشێک لە بەرنامە سەربازییەکەی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندا یەک دەگرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە پڕۆژەکەی ئێران لەم قۆناغەش تێپەڕیوە و خاکی یەمەنی کردووە بە تاقیگەی نهێنی بۆ بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی ماددە ژەهراوی، کیمیایی و بایۆلۆژیکییەکان.

وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن هۆشداری دا کە بەردەوامیی هەژموونی حووسییەکان بەسەر بەشێک لە یەمەن، لەوانە کەناراوەکانی یەمەن، هەرەشەیەکی پەرەسەندووە کە بە تێپەڕبوونی کات توندتر دەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایگەیاندووە کە دەستیان بەسەر کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی حەبی کەپتاگۆن سەر بە کۆماری ئیسلامی لە یەمەن گرتووە.

ئیبراهیم عەلی ئەحمەد حەیدان، ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "ئەلحەدەس" ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە کەسێکی خەڵکی سووریە و کەسێکی دیکەی خەڵکی لوبنانیان لە کاتێکدا دەسبەسەر کردووە کە هەوڵی دانانی کارخانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کەپتاگۆنیان داوە.

وەزیری نێوخۆی یەمەن زیادیشی کردووە کە ئامانج لەم جۆرە هەوڵانە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، بەرفراوانکردنی تۆڕەکانی قاچاخ و ناسەقامگیری لە ناوچەکەدایە.