
ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، دایە ئامینە مەعرووفی دایکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بەهۆی بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا و لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.
کوڕێکی دایە ئامینە بە ناوی کاک ئەیووب ڕەحیمیان پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتە و ساڵانێکە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبەدا خزمەت بە نیشتمانەکەی دەکات.
هاوکات کوڕێکی دیکەی دایە ئامینە بە ناوی حیسام ڕەحیمیان ئەندامی ئاشکرای حیزبی دێموکراتە.
بەرهەمی تەمەنی دایە ئامینە حەوت منداڵ بووە و خۆی ژنێکی نیشتمان خۆشەویست و بوێر بووە کە لە کاتی شەڕی سێ مانگە و دواتر کە کوردستان لە بەرخۆدان و شەڕدا بوو ماڵەکەی شوێنی برینپێچی و حەوانەی ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و پێشمەرگەکانی حیزب بوو.
دایە ئامینە لە کاتی شەڕ و تۆپباراندا ورەبەخشی خەڵک و سەرچاوەی بڕیاری خەڵکانی دەوروبەری خۆی بووە و لە یەکەم ڕۆژی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە تا کاتی کۆچی دوایی هەمیشە تەنیا ئاواتی بەئامانجگەیشتنی خەبات و نەمانی ئەم دەسەڵاتە بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.