کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕیادی دەرچوونی ژمارە ٥٠٠ی ڕۆژنامەی "ئاگری" بەڕێوە چوو

21:55 - 15 خەرمانان 2725

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەرچوونی ژمارەی ٥٠٠ی "ئاگری" کۆڕیادێکی بەڕێوە برد. مەبەست لەو کۆڕیادە کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٥ی خەرمانان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبدا بەڕێوە چوو، هەڵسەنگاندنێکی پێگەی ڕۆژنامەی "ئاگری" و هەروەها بەرزنرخاندنی هەوڵ و تێکۆشانی ستاڤی ئەم بڵاوکرایەوە و بەردەوامییان لە ماوەی ٢٢ ساڵی ڕابردوودا بوو.

کۆڕیادەکەدا بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و پێشاندانی ڤیدیۆیەک لەسەر ڕەوتی دامەزران و بەردەوامیی ڕۆژنامەی "ئاگری" دەستی پێ کرد. دوایە پەیامی مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزب بەو بۆنەیە لەلایەن عەلی بداغی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەوە خوێندرایەوە و لە درێژەدا چەپکەگوڵی دەستەی کارگێڕی لە لایەن مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبەوە پێشکێش بە نوورەدین سۆفی‌زادە، سەرنووسەری ڕۆژنامەی "ئاگری" کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆڕیادەکەدا عومەر باڵەکی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی وتاری ناوەندی ڕاگەیاندن بەو بۆنەیەی پێشکێش کرد. بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات لە وتارەکەیدا ئاوڕی لە ئامانجەکانی دەرچوونی "ئاگری" دایەوە و گوتی لە بارودۆخی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، وەک حیزبی پێشەنگی خەباتی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد، بردن و شۆڕکردنەوە سیاسەتەکانی حیزب بۆ نێو گەلی کورد لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەرکێکی پێویست و زەروورییە. بۆ ئێمەش وەک حیزبێکی نەتەوەیی زۆر پێویست بوو و ئێستاش هەر پێویستە کە لەپێناو بەرەوپێشچوونی خەباتی نەتەوایەتیی خۆماندا بمانەوێ و تێبکۆشین هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە هەموو ناوچەکانی کوردستان لە دەوری بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆ بکەینەوە. ئەو مەبەستەش دەخوازێ لە هەموو زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردی کەلک وەربگرین و هەر بۆ ئەو ئامانجەش بوو کە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویدا بڕیاری ‌دا ئەو ڕێچکەیە بە دەرکردنی "ئاگری" بە زاراوەی کرمانجیی سەروو بە ڕووی ڕاگەیاندنی حیزبدا بکاتەوە و بەمجۆرە "ئاگری" بە سامانی مێدیایی و خەباتکاریی حیزبی دێموکرات زیاد بوو.

خوێندنەوەی وتاری دەستەی کارگێڕیی "ئاگری" لە لایەن نورەدین سۆفی‌زادە و وتاری محەممەدساڵح قادری، یەکەم بەرپرس و سەرنووسەری "ئاگری" دوو بەشی دیکەی ئەم کۆڕیادە بوون کە لە هەردوو وتارەکەدا لە گۆشەنیگایەکی تایبەتەوە تیشک خرابووە سەر گرینگیی دەرچوون و بەردەوامیی ڕۆژنامەی ئاگری و شوێن و کاریگەریی لەسەر خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دوا بڕگەی ئەو کۆڕیادە پێشکێشکردنی ڕێزنامە بە سەرنووسەرانی پێشوو، ئازاد کوردی، سەلیم زەنجیری، شەهاب خالیدی و هەروەها ستاڤی ئێستای ڕۆژنامەی ئاگری بوو.

چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پاییزی ساڵی ١٣٨٢ی هەتاویدا بە بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "ئاگری" بە پیتی لاتین و زاراوەی کرمانجیی سەروو مەڵۆیەکی دیکەی خستە سەر خەرمانی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات و "ئاگری" پاش ٢٢ ساڵ بەردەوامی ئێستا یەکێک لە سامانە بەنرخەکانی مێدیایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.