
ئاگری باڵەکی٨٠ ساڵ بۆ تەمەنی مرۆڤێک زۆرە، بەڵام بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی گەورە زۆر کەمە! ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک یەکەم ڕێکخراو و حیزبی سیاسی کوردی لە کوردستان پێی نایە ٨٠ ساڵەی تەمەنی خۆیەوە! لەگەڵ ئەوەیدا ئەو ڕێکخراوە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا بە دەیان قۆناغی زێڕین و لە هەمان کاتدا پڕ لە قوربانی و لەخۆبردوویی تێپەڕاندووە، بەڵام هەموو کات کە ناوی ئەو حیزبە دێ و باس لە هەڵوێست و کار و تێکۆشانی دەکرێ، مرۆڤ واهەست دەکات کە ڕێکخراوێکی تازە دامەزراوە، کە بۆ سەردەمی ئێستا دروستبووە.
بە دەیان پرسیار بۆ تازە لاوان و چینی تازە پێگەیشتوو دێتە پێش، کە ڕازی مانەوەی ئەو حیزبە چییە؟ بۆچی دوای ٨٠ ساڵ لەگەڵ ئەو هەموو گوشار و قوربانیدانەدا ئەو حیزبە هەر لەسەر پێیە؟ دەتوانین وڵامی ئەو پرسیارانە لە کەلێن و قوژبنەکانی مێژووی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە گەورەی کوردستاندا ببینینەوە، کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە زەروورەت و پێویستییەکی کۆمەڵگەی کوردیدا دروست بووە، لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە ئەو حیزبە لەسەر دەستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردی دامەزراوە. لە هەژار و دەوڵەمەند، کرێکار و خاوەنکار، مامۆستا و قوتابی، جووتیار و مەڕدار، مامۆستایی ئایینی، لاوان و ژنان لە دامەزراندن و مانەوەیدا ڕۆڵیان هەبووە. بەو مانایە کە ڕوانگەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەو حیزبەدا ڕەنگی داوەتەوە، و هەموو چین و توێژی کۆمەڵگەی کوردستان لە بەرنامەی حیزبی دێموکراتدا خۆی دیتۆتەوە. ئەوخۆ دیتنەوە وای کردوە کە ئەو حیزبە ببێتە حیزبی هەرە خۆشەویستی خەڵکی کوردستان، بە تێپەڕبوونی زەمان ببێتە مێژوو و کولتووری ئەو خەڵکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کاتێک مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەخوێنینەوە، دەبینین لەگەڵ ئەوەیدا کادر و ڕێبەری و بەشی ئاشکرای حیزبی دێموکرات بەپێی هەلومەرجەکان زۆربەی تەمەنی خۆی بە نهێنی لەنێو خۆی وڵات یا لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردوە، بەڵام واهەست ناکرێ کە ئەو حیزبە بۆ چرکەیەک لەنێو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوور کەوتبێتەوە. چونکە دۆست و دوژمن ئەو ڕاستییە بە باشی دەزانن کە خەڵکی کوردستان بۆ یەک ڕۆژیش لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دانەبڕاون و دەبینین سەرەڕای سەرکوتی بێ ئەمانی خەڵکی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا لە گەشەکردندایە. هەر بۆیە سەرمایەی گرنگی ئەو حیزب لە ڕاستیدا تەنیا پێشمەرگە و ئەندامەکانی نین، بەڵکوو سەرمایە و پێگەی سەرەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی کوردستانە. ئەو خەڵکە هەمیشە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا لە پشت ئەو حیزبە ڕاوەستاون و قوربانییان بۆ داوە. چونکە هەروەکی لە پێشدا باسکرا، حیزبی دێموکرات هەڵگری ئامانج و ئاواتەکانی خەڵکی کوردستانە، و لە هەمان کاتدا، حیزبی دێموکرات بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدرێژایی تەمەنی خۆی بە پێشکەشکردنی هەزاران شەهیدی پێشمەرگە و کادر و دەیان ئەندامی ڕێبەری هەوڵی داوە کە پرسی کورد لە ئێراندا لە ڕۆژەڤ ڕابگرێ و ئیزن نەدا ماشێنی سەرکوتی دوو ڕێژیمی دەسەڵاتداری تاران (پاشایی و کۆماری ئیسلامی)دەنگی مافخوازانەی گەلی کورد کپ و بێدەنگ بێ و دەیان ساڵ خەباتی بەرگری پێشمەرگانە گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن!
هەر چەندە نابێ ڕۆڵی ڕێبەری و کەسانی بە ئەزموون لە پێگەیاندنی حیزب لەبەر چاو نەگرین، لەگەڵ ئەوەدا حیزبی دێموکرات لەو دەگمەن حیزبانەی ناوچەکەیە کە ڕێبەرانی شەهید (پێشەوا، دوکتور قاسملوو، شەرەفکەندی) و هەموو ئەندامانی حیزب بێ جیاوازی لە خزمەت وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبدا بوون و هەن، و ئەوە وای کردوە کە حیزبی دێموکرات جیاواز لە حیزبەکانی تر دەربکەوێ و نەسڵ دوای نەسڵ لە ماوەی ئەو هەشتا ساڵەی تەمەنی خۆیدا بەرپرسایەتی بەڕێوەبردنی جووڵانەوەی مافخوازنەی خەڵکی کوردستان وەئەستۆ بگرن. بە واتەیەکی دیکە بناغەی تەشکیلاتی ئەو حیزبە وا داڕێژراوە کە بەشێوازی دێموکراتیک دەستاودەستی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی حیزب بکرێ.
لەگەڵ هەموو ئەو باسانە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی هەشتا ساڵی ڕابردوودا، هەوڵی داوە لەگەڵ گۆڕانی سیاسەتی جیهانی و ناوچەی خۆی بگونجێنێ و شێوازی کارکردنی بگۆڕێ، بێ ئەوەی دەستکاری ئەو بنەمایانە بکا کە بۆی دامەزراوە. ئەو خاڵەش دەبێتە یەکێکی تر لە خاڵە پۆزەتیڤەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی خۆیدا.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسکران بارودۆخی ئێستای ناوچە و ئێران وادەخوازێ کە حیزبی دێموکرات زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە یەکڕیزی تەشکیلاتی لەنێو خۆی حیزب و هەوڵدان بۆ ڕێکخستنی نێوماڵی کورد لەسەر خاڵە هاوبەشەکان هەیە، بۆ ئەوەی لە ئاڵوگۆڕە چاوەڕواننەکراوەکان لە ئێراندا، گەلی کورد بتوانێ بە هێزێکی یەکگرتوو کاریگەری هەبێ لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان. هەڵبەتە بەو مێژووە دوور و درێژە و تەجروبەی حیزبی دێموکرات لە مەیدانی خەباتدا دڵنیاین کە لەو قۆناغەشدا سەرکەوتوو دێتەدەر، چونکە مێژووی حیزبی دێموکرات ئەوەی سەلماندووە کە توانایی ئەو کارەی هەیە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەدا حیزبی دێموکرات بەشێوەی نەریتی ڕەگی لە کۆمەڵگەی کوردستاندا داکوتاوە، دەستکەوتی هەرە گرنگی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی سیاسی کە جارێ نەگەیشتۆتە دەسەڵات، بەرزڕاگرتنی ئاڵای تێکۆشان و ئیرادەی بەرەنگاری خەباتگێڕانەیە، ئەگەر لە ئێراندا چاو لە کوردستان بکەیت ئەو ڕۆحییە بەرەنگارییە لە کوردستان زۆر بەهێزترە و ڕووداوەکانی ئەو دوایانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشاندرەی ئەو ڕاستییەن.
حیزبی دێموکرات تاکوو ئێستاش گەورەترین پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، قورسایی ئەو پێگەیە بە ڕادەیەکە کە تا ئێستا هیچ هێزێک نەیتوانیوە لە بەرانبەریدا سەرهەڵبدات، هێزێک کە هەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگەی کوردستانە و هەروەها گوتاری نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش تاکوو ئێستاش حیزبی دێموکرات دیاری دەکات، تەنانەت ڕەوتە ڕێفۆرمخوازەکان و لایەنی تری کوردیش بە جۆرێک هەڵگری گوتاری حیزبی دێموکراتن، هەر بۆیەشە کۆماری ئێسلامی ئێران زیاتر بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەستیارە.