کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە بوکان

02:30 - 16 خەرمانان 2725

(دەرهاویشتەی سیاسەتی ناوەندگەرایی و نادادپەروەری ژینگەیی)

ڕەحیم نزهت‌زادە

یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، بە یەكسانی دەستپێڕاگەیشتنە بە سامانە سروشتییەکان، بە تایبەت ئاو. بەڵام لە زۆرێک لە پارێزگا و دەڤەرە کوردستانیەكانی ئێراندا، بەئاشكرا ئەم مافە سەرەتاییە پشتگوێ دەخرێت. نموونەیەکی ڕوونی ئەم نادادپەروەرییە، قەیرانی ئاوی بوکان و ناوچەكانی دەوروبەرییە؛ قەیرانێک کە لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر بەرجەستە بووە و لەگەڵیدا، ژیانی هەزاران جووتیار و خێزانی گوندنشینی خستۆتە مەترسییەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان، لەم دواییانەدا ئاستی ئاوی بەنداوی بوکان، زیاتر لە دە میتر دابەزیوە، هەروەها قەبارەی ئاوەکەی، نزیکەی دە سانتیمەتر لە ڕۆژێکدا کەم دەبێتەوە. ئەم پڕۆسەیە، نەک هەر کشتوکاڵی ناوچەکەی لەنێو بردوە، بەڵکوو گوندەکانی دەوروبەری لە دەڤەری ساینقەڵا و هەوشاریش، ڕووبەرووی کەمئاوی و وشکەساڵی بوونەتەوە. لە کاتێکدا کە زەوییە کشتوکاڵییەکان ڕووبەرووی وشک و بێ بەرهەم بوون دەبنەوە، ڕۆژانە ئاوی ئەم بەنداوە، دەگوازرێتەوە بۆ شاری تەورێز و شارەکانی دیكەی پارێزگای ئازەربایجان.

ئەم ڕاستییە بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە سیاسەتی ناوەندگەرایی و هەڵاواردن، بەردەوامە لە سێبەر خستن بەسەر ژیانی خەڵکی کوردستاندا. ئەو سەرچاوانەی کە پێویستە بۆ گەشەپێدان و بژێوی خەڵکی ڕەسەن کەڵکیان لێ وەربگیرێن، بۆ بەرژەوەندی پارێزگا و هەرێمەكانی دیکە،دەستیان بەسەردا دەگیرێت. ساڵانێکە ئەو بەڵێنانەی بەرپرسانی حکومەت بە خەڵکی بوکان و گوندەکانی دەوروبەری دابوو، بۆ کەمکردنەوەی گواستنەوەی ئاو لەم بەنداوە بۆ تەورێز، جێبەجێ نەکراون. نەک هەر هەنگاوێکی ئەرێنی نەنراوە، بەڵکو بڕی گواستنەوەی ئاویش بۆ ئەو پارێزگایە زیادی کردووە. سیاسەتێکی لەم شێوەیە، جگە لە پشتگوێخستنی مافی هاووڵاتیان و بێبەشکردنی خەڵک لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی، هیچی تر نییە.

کشتوکاڵ لە کوردستان، بەتایبەتتر لە دەڤەری بوکان، بناغەی سەرەکی ئابووری نێوخۆیی و بژێوی ژیانی هەزاران بنەماڵەیە. وشکبوونەوەی زەوی، بە مانای لەناوبردنی ژیانی جیلگەلێكە، کە پەیوەست بوون بە کشتوکاڵەوە. ئەمەش لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ئابووری جددی دەبێت: کۆچی زۆرەملێی گوندنشینەکان بۆ شارەکان، زیادبوونی بێکاری و بڵاوبوونەوەی هەژاری. جگە لەم دەرئەنجامانە، قەیرانی ژینگەیی توندتر دەبێت، بەو پێیەی دابەزینی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و وشکبوونەوەی زەوی، دەبێتە هۆی خێراترکردنی پرۆسەی بە بیابانبوون.

سیاسەتێكی لەم شێوەیە، لە ڕوانگەی یاسایی و ئەخلاقیەوە، نموونەیەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگری هەڵاواردنی ناوچەییە. چۆن قبوڵ بکەین شارێکی وەک بوکان، کە خۆی ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بووەتەوە، ببێتە سەرچاوەی ئاو بۆ شارەکانی تر؟ ئەم سیاسەتەی گواستنەوەی ئاوی بۆكان بۆ تەورێز و دیكە هەرێمەكان،  نەك لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەڵكوو لەسەر بنەمای ئەولەویەتی سیاسی و ناوەندگەرایی پەسەندكراوە. خەڵکی ئەم هەرێمە، چەندین جار داوایان لە دامودەزگاکانی دەستەڵات کردووە، کە گوێ لە دەنگیان بگیرێت و بێرێك لە چارەسەری قەیرانی ئاو بكەنەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامێكیان پێنەدراوەتەوە. ئەم خۆ خافڵاندن و بێباكییەی دەستەڵات، بووەتە هۆكاری ناڕەزایی گشتی و هەستکردن بە بێ متمانەیی زیاتر، بەرامبەر بە قەوارەی دەستەڵات.

كێشەی ئاو لە بوکان تەنیا قەیرانێکی نێوخۆیی نییە؛ بەڵكوو هێمایە بۆ شێوازی مامەڵەی حکومەت، لەگەڵ دەڤەرە کوردستانیەكان. ساڵانێکە سەرچاوەكانی ئەو ناوچانە، لە بەرژەوندی بەشەکانی دیکەی وڵات، سودیان لێ وەردەگیرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە، كە کوردستان خۆی لە گەشەپێدانی ژێرخان و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی بێبەش بووە. ئەم سیاسەتە جۆرێکە لە دووبارەبوونەوەی مێژوو، کە تێیدا خەڵکی کوردستان بارگرانی تێچووی گەشەپێدانی ناوچەکانی دیکە هەڵدەگرن، بەبێ ئەوەی پشکێکی دادپەروەرانە لە سامانی نەتەوەیی ببێتە بەشیان.

ڕێگای دەربازبوون لەم قەیرانە، گەڕانەوەیە بۆ پرەنسیپی دادپەروەری و داننان بە مافی خەڵكی خۆجێیی. بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەسەر بنەمای پێداویستییە ڕاستەقینەکانی هەرێم، و بە بەشداری ڕاستەوخۆی خەڵکی ناوچەکە دەبێت ببێت، نەک لەسەر ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن ناوەندەکانی حکومەتەوە سەپێنراون. هەروەها پێویستە بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەووەی ئەو جۆرە هەڵاوردنانە، میکانیزمێکی شەفاف و لێپرسینەوە بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان دابنرێت. كە ئەوانەش ڕووانگەگەلێكن، چ لە ڕابردوو، چ ئێستا دا، لە گەل بەرداشتی زهنییەتی ناوەندگەرای ئێران، نامۆ و بێگانە بوون.

ئەگەر ڕەوتی ئێستا بەردەوام بێت، دەرئەنجامەکانی تەنیا بە قەیرانی ئاو و کشتوکاڵەوە، سنووردار نابن. ئەم سیاسەتانە دەبێتە هۆی لاوازبوونی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، زیادکردنی کۆچی مەترسیدار. هەتا دەنگی خەڵک پشتگوێ بخرێت، بێمتمانەیی و ناڕەزایی قووڵتر دەبێتەوە.

خەڵکی کوردستان شایەنی ئەوەیە وەك دیكە هەرێمەكان، لە هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و یەکساندا، بژین. ئەوان نەک هەر داوای مافی دەستپێڕاگەیشتن بە ئاو بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەكەن، بەڵکو هەروەها داوای داننان بە کەرامەتی ئینسانی، مافە نەتەوییەكانیان و مافە کۆمەڵایەتییەکانیشیان دەکەن. قەیرانی ئاو لە بوکان دەرفەتێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە، لە سیاسەتی جیاکاری و ناوەندگەرایی. ئەگەر ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت، زیانی قەرەبوو نەکراوە لە کۆمەڵگا و ژینگەی ناوچەکە دەدرێت. ئەوەی جێگای سەرنج و لێ‌وردبونەوەیەكی گرینگە، ئەوەیە: كە ڕووبارەكانی ”ئەرەسی بچوك، میدان ڕود، مهران ڕود، قوروچای، اسپران چای” بە مەودا بۆ تەورێز، زۆر لە ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكانی بۆكان پڕئاوتر و نزیكترن لە تەورێزەوە، كە تەنانەت مهران چای/رود، بە نێوەڕاستی تەورێزدا تێدەپەڕێت.