
بەپێی ڕاپۆرتی ''حاڵوەش'' ئێوارەی شەوی شەممە یەکێک لە فەرماندە خۆجێییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە ناوی "ئیرەج شەمس" لە شاری پیشین سەر بە شاری ڕاسک، لەلایەن کەسانی چەکدارەوە تەقەی لێ کراوە و کوژراوە.
تا ئێستا ئامانج و ناسنامەی هێرشبەرە چەکدارەکان بۆ کوشتنی ئەم فەرماندەیەی سپا نادیارە. حاڵوەش بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکان نووسیویەتی ئەم فەرماندەیە لە ئەرکە جۆراوجۆرەکانی ناوچەی پیشین لەوانە سەرکوتکردنی هاووڵاتییان بەشدار بووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوە کردووە، ئیرەج شەمس لە کاتی هێرشەکەدا لە یەکێک لە سەرتاشخانەکانی بازاڕدا بووە و نزیکەی کاتژمێر ٩ی شەو تەقەی لێ کراوە لە شوێنی ڕووداوەکە مردووە.
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، شەمس یەکێک لە فەرماندەکانی بنکەکانی سپای پاسداران لە گوندەکانی ماهکۆل و ڕێدیگ لە چەند کیلۆمیتریی شاری پیشین بووە. هەروەها یەکێک لە بەرپرسەکانی سپای پاسداران لە سێڕێیانی پیشین بووە.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم فەرماندە هەواڵگرییەی سپای پاسداران لە پێئەسپێرداوە ئەمنییە جیاوازەکانی ناوچەی پیشیندا ئامادە بووە. سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لە ڕۆڵی ناوبراو لە هەوڵی وەک گرتنی هاووڵاتییان، بارمتەگرتن و سەرکوتکردنی خەڵک کردووە.
پێشتریش لە ٥ی خەرماناندا، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە نێوان هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسانی چەکدار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، کوژرانی لانیکەم هێزێکی نیزامی و برینداربوونی ئەفسەرێکی دیکەی لێکەوتەوە.
حەسەن مورتەزەوی، فەرماندەی قەرارگای قودسی سپای پاسداران ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێرانشار، خاش و سەراوان، هەشت چەکدار کوژراون و بارمتەیەک ئازاد کراوە. هەروەها دەسبەسەرکردنی هێندێک کەسی ڕاگەیاند، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستە ڕوو.
لە چەند حەفتەی ڕابردوودا چەندین هێرشی دیکە لەم پارێزگایە ڕوویان داوە و جەیشولعەدل بەرپرسیایەتیی بەشێک لەو هێرشانەی وەئەستۆ کردووە.