کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری پەسەندکردنی گەڵاڵەی چوونەدەرەوە لە NPT لەلایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە

12:31 - 16 خەرمانان 2725

بە وتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی، بڕیارە کە ئەم مەجلیسە هەوڵەکان بۆ پەسەندکردنی گەڵاڵەیەک بخاتە گەڕ کە ببێتە هۆی چوونەدەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەیمانی "NPT".
عەلیڕەزا سەلیمی ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانان ڕایگەیاندووە کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی و سیاسەتە دەرەکییەکانی مەجلیسی ڕێژیم، ڕاپۆرتێک لەم پێوەندییەدا پێشکەش بکات کە یەکێک لە بژاردەکانی چوونەدەرەوەی ئێران لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمییە.
سەلیمی زیادی کردووە کە لە ئەگەری وەها پێشنیارێک بە مەجلیس، گەڵاڵەکە بە شێوەی "سێ بەپەلە"ـیی پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت و پشتڕاستیشی کردووەتەوە کە ئەندامانی شۆرای نیگابان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبن تا بە زووترین کات و هەر لەنێو کۆبوونەوەکەدا ڕای خۆیان دەربڕن تاکوو بە زووترین کات بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە.
کامران غەزەنفەری، نوێنەرێکی دیکەی مەجلیسی ڕیژیم، لە وتووێژێکدا بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم بابەتە ڕایگەیاندووە کە گەڵاڵەکە بریتی دەبێت لە چوونەدەرەوەی تاران لە "NPT" و پچڕانی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نیونەتەوەیی وزەی ناوکی.
لە ماوەی ڕابردوودا و پاش وەگەڕخستنی هەوڵی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە لەلایەن سێ وڵاتی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەیان کردووە کە لە کاردانەوە بە گەڕانەوەی گەمارۆکان، تاران لە پەیمانی "NPT" دەچێتە دەرەوە و چیدیکە ڕێگە بە پشکێنەرانی ئاژانسی وزەی ناوکی نادات کە چاوەدێریی بەرنامە ناوکییەکانی بکەن و هاوکارییەکانیشی لەگەڵ ئەم ئاژانسە کۆتایی پێ دێنێت.