
لارێنس نۆرمەن، پەیامنێری ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ، لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕاپۆرتی دا کە دانوستانەکانی نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤییەن تەنیا پێشکەوتنی "زۆر کەم"ی بەخۆیەوە بینیوە.
ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانان، نۆرمەن لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''ئەوەی لە ڤیەن و وتووێژەکانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەبیسترێت، زۆر ئەرێنی و هیوابەخش نییە.''
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، لە باشترین حاڵەتدا، تا ئێستا تەنیا پێشکەوتنی بچووک لە نێوان هەر دوولادا بەدی هاتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ٩ ڕۆژ بەسەر وادەی ٣٠ ڕۆژە بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە تێپەڕیوە و تەنیا دوو ڕۆژ بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی شۆاری حوکام ماوە.
پەیامنێری واڵ ستریت ژۆرناڵ لە پۆستێکی دیکەدا لە وڵامی قسەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە "وتووێژە زۆر باشەکانی ڤییەن" نووسی: ''بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی لە ڤیینەوە پێم دەگات، ئەمە تێڕوانینێکی زۆر گەشبینانەترە بۆ دوایین پێشهاتەکان.''
ڕۆژی ١٥ی خەرمانان، لە میانەی کۆنفرانسێکدا، عێراقچی ڕایگەیاند کە تاران لە چوارچێوەی نوێی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس "نزیکتر" بووەوتەوە.
فەرانسە، بریتانیا و ئەڵمان لە نامەیەکدا لە ٧ی خەرمانان بۆ شۆرای ئەمنییەت، بڕیاری خۆیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر تاران ڕاگەیاند.
دوابەدوای ئەم کارە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دوو هەڵوێستیان گرتەبەر؛ لەلایەک ئەگەری کشانەوەیان لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) وروژاند و لەلایەکی دیکەشەوە ئامادەیی تارانیان بۆ درێژەدان بە ڕێبازی دیپلۆماسی ڕاگەیاند.