
وەزیری ڕاگەیاندنی یەمەن ڕایگەیاندووە کە سپای پاسداران بە شێوەی ڕاستەوخۆ چاوەدێری بە سەر دروستکردنی کارخانەی چەکی شیمیایی لە یەمەن دەکات.
دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان ڕێژیمی ئێرانی بە بەکارهێنان و بەرهەهێنانی گازی ژەهراوی لە دروستکردنی چەکی شیمیایی لەو وڵاتە تاوانبار کرد و ڕایگەیاند کە ئەو مادەی کیماییانە قۆناغ بە قۆناغ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکانەوە قاچاخ دەکرێن.
بە وتەی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی یەمەن، کارناسانێک لە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ڕاستەوخۆ جەخت لەسەر دروستکردنی کارخانەی چەکی ڕێگەپێنەدراوی نێونەتەوەیی لە یەمەن دەکەنەوە و چاوەدێریی چڕیان بەسەر بەرهەمێنانی ئەو چەکانەوە هەیە.
هەر لەو پێوەندییەدا موعەممەر ئەلئەڕەیانی، وەزیری ڕاگەیاندنی دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا کە "ڕاپۆرتە باوەڕپێکراوەکان دەرخەری ئەوەن گرووپی حوسییەکان بە کردەوە کار لەسەر ئامادەکردنی ئەو مادە شیمیاییە مەرگهێنەرە دەکەن و لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی و پەهبادەکاندا بەکاری دێنن".
"ئەلڕەیانی" جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەوڵانەی حوسییەکان بە پشتیوانیی سپای پاسداران دەتوانێت کارەساتێکی مەرگهێنەر و مەترسییەکی جیددیی بۆ سەر ژیانی خەڵکی ئاسایی ئەو وڵاتە و ناوچەکە بێت.
ئەو وەزیرەی یەمەن بە ئاماژەدان بە دۆخی مەترسیداری بەکارهێنانی چەکی ڕێگەپێنەدراو لەلایەن حوسییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە هۆشداریی دا و وتی: "لە ئەگەری بەکارهێنانی ئەو چەکانەدا کارەساتی مرۆیی ڕوو دەدات".
موعەممەر ئەلڕەیانی لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا باسی لە شەڕەنگێزی و زێدەڕۆییەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن کردووە و وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران خاکی یەمەنی وەکوو تاقیگەی نهێنی بۆ بەرهەمهێنان و تاقیکردنەوەی مادەی ژەهراوی، کیمیایی و بیۆلۆژیکی بەکار هێناوە".