کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی گۆشت، یەک میلیۆن تمەنی تێپەڕاند

16:44 - 16 خەرمانان 2725

بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بۆ سەرووی یەک میلیۆن تمەن لە ئێران و بەتاڵبوونی سفرەی کۆمەڵێکی دیکەی خەڵک لەم خۆراکە پێویستە.
بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لەلایەن سەرچاوە میدیاییەکانی نێوخۆی ئێرانەوە، نێونجیی نرخی گۆشتی سوور لە یەک میلیۆن تمەن تێپەڕێوە.
ئەم گرانییە لەکاتێکدایە کە نرخی ڕاگەیەندراوی دەوڵەتی بۆ هەر کیلۆ گۆشت ٦٠٠ هەزار تمەنە و لە ئێستادا ڕاستییەکانی بازاڕ زۆر زیاتر لەم نرخە دیاریکراوەیە.
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٪٤١.٢ کە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووی واتا مانگی جۆزەردان، ٪٢ بەرزتر بووەتەوە. ئەم ڕێژەیە بەرزترین ئاست لە دوو ساڵی ڕابردوودایە.
هەر لەم ڕاپۆرتەدا هەڵاوسانی مانگانەی گۆشتی سوور ٪٥.٨ ڕاگەیەندراوە.
ساڵانێکە کە کڕینی گۆشتی سوور بە تەواوەتی بۆ بەشێک لە خەڵکی ئێران نامومکین بووە و لە ئێستاشدا بەشێکی زیاتر لەم خۆراکە پێویستە بێبەهرە دەبن.
گرانی و هەڵاواسان، دابینکردنی هەموو خۆراک و پێداویستییەکانی خەڵکی بەتەواوەتی خستووەتە ژیر کاریگەریی خۆیەوە، بە شێوەیەک کە بەشێکی زۆر لە خۆراکە گرینگەکان لەسەر سفرەی بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران نەماون.
جیا لە قەیرانی گرانی، قەیرانی بێکاری کۆسپێکی دیکەی بەردەم ژیانی خەڵکی ئێرانە کە لەژێر سێبەری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرەوڕووی بوونەتەوە.