کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی لانیکەم ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی تەنیا لە یەک ڕۆژدا

16:36 - 10 خەرمانان 2725

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، خانەنشینکراوان، کرێکاران، هاووڵاتییان، خوێندکاران، وەرزێڕان و کامیۆنداران لە سەرانسەری ئێراندا لە ڕۆژی ڕابردوودا ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

هەواڵدەریی "هێرانا" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە تەنیا لە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرماناندا لانیکەم ١٥ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە شارەکانی گەچساران، ئەهواز، شووش، ڕەشت، تاران، ئێسفەهان، کرمان، قائێمشەهر، فەلاوەرجان، خارک، ئەراک، زەنجان و هیرمەند بەڕێوە چووە.

"هێرانا" هەواڵدەیی مافی مرۆیی لە ئێران، کرێکاران و کارمەندانی شیرکەتی نەوت و گازی گەچساران لە بەردەم بینای ناوەندیی ئەو شیرکەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و خوازیاری مافی یەکسان و لابردنی شیرکەتی پەیمانکاری بوون. 

هەروەها خانەنشینکراوانی پیشەسازیی فوولاد لە شارەکانی ئێسفەهان، کرمان و قائیشەهر لە بەردەم بینای سەندووقی خانەنشینیی ئەو شارانەدا کۆ بوونەوەتەوە و داوایان کردووە بە زووترین کات وڵامی داخوازییەکانیان بدرێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، لە هەمان ڕۆژدا وەرزێڕان و باخدارانی شاری فەلاوەرجان سەر بە پارێزگای ئێسفەهان، لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەو شارانەدا داوای مافی ڕەوای خۆیان کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا شۆرای خانەنشینکراوانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە داوە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان خانەنیشنکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ئەهواز، شووش و تاراندا لەمەڕ پێڕاگەیشتن بە مافەکانیان کۆ بوونەتەوە و لەو ڕێگەوە ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە.

هەروەها هەواڵدەریی "ئیلنا"ی ڕێژیم، هەواڵی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی شاری "ڕەشتـ"ـی بڵاو کردەوە.

لە هەرکام لە شارەکانی خارک کۆبوونەوەی کارمەندانی شیرکەتی نەوت، ئەراک کۆبوونەوەی کرێکارانی شیرکەتی ئالومێنیۆم، هاووڵاتییانی قەیداری زەنجان لەمەڕ کەمیی ئاو و پچڕانی کارەبا، تاران کۆبوونەوەی خوێندکاری، کامیۆنداران لە شاری هیرمەند بەشێکی دیکە لە کۆبوونەوەی ناڕەزاییەتییەکانی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان لە سەرانسەری ئێرانن.