کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی ٩٣ مامۆستای زانکۆی کوردستان لە مامۆستایان

16:48 - 16 خەرمانان 2725

٩٣ کەس لە مامۆستایانی زانکۆی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، لە پێوەندی لەگەڵ دەرچوونی سزای دەرکردن، خانەنشینکردنی زۆرەملێ و دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە مامۆستایانی پارێزگاکە ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەم بڕیارانەیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای کەرامەتی مرۆیی و مافی سێنفی زانی.

لەم بەیاننامەیەدا جەخت کراوەتەوە کە پەروەردە و بارهێنان کۆڵەکەی سەرەکیی پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەکە و وەڕاستگەڕانی ئەم ئەرکە بە بێ بەشداریی مامۆستایانی دڵسۆز و تێگەیشتوو نالوێ.

مامۆستایانی زانکۆکە ڕایانگەیاندووە کە مامۆستایانی کوردستان، بەتایبەت ئەندامانی ئەنجومەنە سێنفییەکان، هەمیشە بە فیداکاریی و ڕاستگۆییەوە لە ڕێبازی پەروەردەی نەوەی داهاتوودا هەنگاویان هەڵ گرتووە.

ئەم مامۆستایانە وێڕای ڕەخنەی توند لە بڕیارە دەرکراوەکان، ئەم هەوڵانەیان بە پێچەوانەی بڕگەی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی و بەڵێننامە نێودەولەتییەکانی ئێران لە بیاڤی مافی مرۆڤ ناو بردووە و زیادیان کردووە کە ئەم جۆرە بڕیارانە لە ڕاستیدا نیشانەی سەرکوتی مافی دەربڕینی داخوازییە یاساییەکانی مامۆستایانە.

ئەوان هۆشدارییان داوە کە درێژەی ئەم ڕەوتە نەتەنیا پێگەی مامۆستایان لاواز دەکات بەڵکوو باوەڕبەخۆبوونی گشتیش تووشی کێشە دەکات و زۆربوونەوەی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە دەبێت.

بەیاننامەی مامۆستایانی زانکۆی کوردستان بە ئاماژە بە یەکگرتوویی ناوەندە مەدەنییەکان و چالاکە سێنفییەکانی سەرتاسەری ئێران لەگەڵ مامۆستایانی کوردستان، خوازیاری هەڵوەشانەوەی خێرا و دەستبەجێی ئەم حوکمانە و گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ سەر کارەکانیان بووە.

واژۆکەرانی ئەم بەیاننامەیە داوایان لە بەرپرسانی ڕێژیم کردووە کە دۆخی پێویست بۆ ئازادیی چالاکییە سێنفییەکان و سازماندانی مامۆستایان دابین بکرێت و بە ڕەچاوکردنی کەرامەتی مرۆیی، بەستێنی متمانە و هاودەنگیی مەدەنیی بەهێز بکرێت.

ئەم مامۆستایانە لە کۆتاییدا جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوامیی سنووردارکردنەوە، هەوڵێکی نالۆژیکی و دژ لەگەڵ بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانە و نەمانی متمانەی گشتیی بەدواوە دەبێت.