کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی تێرۆریستی یان نیزامێکی سیاسیی نۆڕماڵ

01:41 - 17 خەرمانان 2725

سامان فەقێ نەبی

لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ـی هەتاوی، شۆڕشی گەلانی ئێران بە هیوای گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتی سەرکەوت. دوای زیاتر لە چوار دەیە ئێستا پتر لە هەموو کاتێک ئەو ڕاستییە بۆ کۆمەڵانی خەڵک ڕوون بۆتەوە کە خولیا و ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە مێژووییە بەهۆی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمێکی تێئوکراتیک بە ناوی "کۆماری ئیسلامیی ئێران" بوون بە بڵقی سەر ئاو.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە لە زمانی دامەزرێنەرەکەیەوە، بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە دەبێە ئۆلگوی درەوشاوەی دنیای ئیسلام و مۆدێلی حوکمرانییەکەی بۆ هەموو وڵاتانی موسلمان هەناردە دەکرێ و نەک تەنیا دنیای ماددی، بەڵکوو دنیای مەعنەوەیی خەڵکی ئێرانیش بەرەو لووتکە دەبات و ئێران دەکاتە بەهەشتێک بۆ چەوساوە و هەژاران.

هەنووکە دوای زیاتر لە چوار دەیە ئەگەر لە هەر دوو ڕەهەندی نێوخۆیی و دەرەکیییەوە، ئاوڕێک لە کارنامەی ئەو ڕێژیمەدا بدەینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە چ بەڵایەک بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و هەر چاودێرێکی بێلایەن ئەگەر بیهەوێ بە لەبەرچارگرتنی پڕەنسیپە ئەخلاقییەکانی بواری توێژینەوە، هەڵسەنگاندن و خوێندنەوە بۆ ڕەفتار و کردارەکانی کۆماری ئیسلامی بکات، لە بنەڕەتدا بەو ئاکامە دەگات کە کۆماری ئیسلامی لە ئەساس‌دا گرووپێکی تێرۆریستییە نەک نیزامێکی سیاسیی نۆڕماڵ.

ئەوە بەو مانایەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک گرووپێکی تێرۆریستی، تەواوی وزە و پتانسییەلە ماددی و ئینسانییەکانی وڵاتی ئێرانی بە بارمتە گرتووە و هەموو ئەمانەی خستۆتە خزمەت  بە وەدیهێنانی خەونە ئەهریمەنییەکانی؛ واتا سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەولەمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتە بەردەستی تاقمێکی جینایەتکار و تێرۆریست.

لێرەدا دەبینین کە نەوت، سامانە ژێرزەوییەکان، تەنانەت ئاو و ژینگەی وڵاتی ئێران بۆ وەدیهاتنی وەهم و خەیاڵاتی دیکتاتۆرێک خەرج دەکرێن کە لای ئەو، هەموو کێشە و گرفتێک نەک بە شێوەی لۆژیکی، بەڵکوو تەنیا بە کوشتار و خوێنڕشتن چارەسەر دەبێت.

ئاشکرایە کە لە کۆی وێژمان و ڕەوایەتەکانی کۆماری ئیسلامی‌دا، چەمکی بەرژەوەندیی نیشتمانی واتایەکی نییە؛ هەر بۆیە لەبڕی ئاوەدانی و دابین‌کردنی خۆشبژێوی بۆ دانیشتووانی وڵات، هەوڵی دەسپێڕاگەێشتن بە چەکی ئەتۆمی و سازکردنی مووشەکی جۆراوجۆر، لە ڕوانگەی دیکتاتۆرەوە لە سەرووی هەموو شتێکە.

لە ڕاستیدا ئەو گرووپە تێرۆریستییە، بەبێ گڕانەوە بۆ ڕای گشتی و بەبێ ڕەزامەندیی زۆرینەی خەڵکی وڵات، دژایەتیی ڕۆژاوا و بەتایبەتیی ئەمریکا و هەروەها لەنێوبردنی وڵاتی ئیسرائیلی، وەک ئەرکێکی بەناو پیرۆز پێناسە کردووە و لەو پێناوەشدا لە سەرانسەری جیهاندا بە پارەی خەزێنەی گشتیی وڵاتی ئێران، بە مەبەستی شەڕانگێزی، چەندین لەق و پۆپی تێرۆریستی هاوشێوەی خۆی پۆشتە و پەرداخ کردووە.

بێ‌گومان، باج و تێچووی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامی خراوەتە سەر شانی خەڵکی وڵاتی ئێران؛ گەندەڵیی سیستماتیک، هەژاریی ڕەها، بێکاری، چارەڕەشی، گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و سەرهەڵدانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێکن لەو مەینەتییانەی کە ئەم گرووپە تێرۆریستە بە دیاری هێناونی و ئاوات و ئارەزووکانی چەند نەوە بەو هۆیەوە، خراونەتە ژێر گڵ.

ئێستاکە پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا خەڵکی ئێران چوونەتە پڕۆسەی لێپرسینەوە لەو گرووپە تێرۆریستییە؟ لە وەڵامدا دەکرێ بڵێین: هەڵبەت کە ئەو پڕۆسەیە چەند ساڵە بە شێوەیەکی بەربەرین و جەماوەری دەستی پێکردووە و  بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی ژیناش بە خاڵی وەرچەرخانی ئەو لێپرسینەوەیە ئەژمار دەکرێ؛ حاشاهەڵنەگرە کە بزووتنەوەی ژینا لە ڕێگای کوشتار و سەرکوتەوە لەسەر شەقام بە شێوەی کاتی پاشەکشەی پێکرا، بەڵام لە گەردەلوولی ئاڵوگۆڕەکاندا وەک ژیلەمۆ دەبووژێتەوە و دادگایی‌کردنی ئەو تاقمە وەک وانەیەکی مێژوویی بۆ هەتاهەتایە تۆمار دەکرێت.