کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مامۆستایانی قوتابخانە لە سەقز: مامۆستایانی کوردستان بە ناڕەوا و زاڵمانە سزا دراون

10:45 - 17 خەرمانان 2725

مامۆستایانی قوتابخانە لە سەقز و زێویە، وێڕای سەردانی مامۆستایانی سزادراوی کوردستان و مەحکوومکردنی بڕیاری بەرپرسانی ڕێژیم و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەمەڕ دەرکردنی سزای قورس بۆ سەر ئەو مامۆستایانە، ئەو سزایانەیان بە "ناڕەوا و زاڵمانە" لە قەڵەم دا.

ئەنجومەنی سێنفێی مامۆستایانی سەقز و زێویە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیاندا ئاماژەیان بەوە دا کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە و مامۆستایانی دیکەی ئەو شارە، سەردانی مامۆستای دوورخراو و سزادراوی سەقزی، مامۆستا لوقمان ئەڵڵامورادییان کردووە و پشتیوانیی خۆیان لەو مامۆستایە و مامۆستایانی دیکە دەربڕیوە.

بەشداربووانی ئەو سەردانە سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو بڕیارەی بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی مامۆستایانی کوردستان، ئەو سزایانەیان بە "نادادپەروەرانە و نایاسایی" دژی کۆمەڵێک مامۆستای کوردستان زانیوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چالاکییەکانی ڕێکخراوە سێنفییەکان مافی بێ ئەملاولا و یاسایی مامۆستایانە.

ئەو مامۆستایانە لەو دیدار و چاوپێکەوتنەدا پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆیان بۆ ئەو مامۆستا سزادراوانە دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند: "تەواوی ڕێکارە یاسایی، سێنفی  و مەدەنییەکان دەگرینە پێش بۆ کەمکردنەوەی گوشار بۆ سەر مامۆستایان و هاوکارەکانیان".

هەروەها ئەو مامۆستایانە، لەو سەردانەدا سروودی "بە تەنیا جێم مەهێڵێنـ"ـیان وتووەتەوە و  بەو شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان لەمەڕ  سزای ناڕەوا و داسەپاوی سەر مامۆستایانیان دەربڕیوە.

شایانی باسە پێشتریش لە زۆربەی شارەکانی دیکەی کوردستان و لەلایەن دەیان ڕێکخراوی پیشەیی و مەدەنی و خەڵکی کوردستانەوە سزای داسەپاوی سەر مامۆستایانی کوردستان مەحکووم کراوە و بەو بۆنەوە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە چووە.