
بەپێی وێنە ئاسمانییەکانی مانگی دەستکردی "ناسا"، گۆلی ورمێ بە تەواوی وشک بووە و چیدیکە لە وێنە ئاسمانییەکاندا هیچ ئاویک لەم گۆلەدا بەرچاو ناکەوێت.
گۆلی ورمی کە ساڵانێک بوو لەژێر سێبەری بەڕێوەبەریی سەقەت، ناکارامە و گەندەڵی کۆماری ئیسلامیدا بەرەو وشکبوون دەڕۆی، لە کۆتاییدا سەرەڕای هۆشداریی کارناسان و چالاکوانانی ژینگەپارێز، لە خەرمانانی ئەمساڵدا بەتەواوی وشک بوو.
گۆلی ورمێ بە لەخۆگرتنی ٣٢ میلیارد میتری سێجا ئاو لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاویدا بیست و پێنجەمین گۆلی گەورەی جیهان، گەورەترین گۆلی ئاوی سوێری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دووهەمین گۆلی ئاوی سوێری جیهان و گەورەترین گۆلی ئێران بوو.
دروستکردنی ناپسپۆڕانەی بەنداوەکان لەسەر ڕێگەی سەرچاوە ئاوییەکانی ئەم گۆلە، دەرکێشانی بێپڕەنسیپانە و زۆربەی ئاوە ژێرزەوییەکانی دەوروبەری گۆل و گواستنەوەی ئاوی گۆل بەمەبەستی وەرزێری و بەکارهێنانی دیکە بەبێ هیچ هەڵسەنگاندنێکی کارناسانە، هاوکات لەگەڵ هۆکارە سروشتییەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی گۆلی ورمێن.
حکوومەت هیچ هەوڵێکی دروست و گونجاوی لە هەموو ئەم ساڵانەدا بۆ پێشگرتن بە هۆکارەکانی وشککردنی گۆلی ورمێ نەدا و لە ئیستادا وشکبوونی ئەم گۆلە دەتوانێت کارەساتگەلی ژینگەیی وەک با و گەردەلوولی سوێر، پیسبوونی هەوای ناوچەکە بە کانزا قورسە ژەهراوییەکان و زیادبوونی تیشکە سەرووبنەوشەکان، بخولقێنێت.