کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەسەندکرانی پلانی زیادکردنی بوودجەی نیزامیی ڕێژیم بۆ شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل

11:00 - 17 خەرمانان 2725

لەحاڵێکدا کە خەڵکی ئێران لەگەڵ قەیرانی ئابووریی سەخت، هەڵاوسان، بێکاری و هەژاریی بەربڵاو بەروڕوون، مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە پەسەندکردنی پلانێکی نوێ، میلیاردها تمەنی لە سەرچاوەکانی وڵات بۆ بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکان تەرخان کردووە.

ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند، پرۆژەی "بەهێزکردنی توانایی هێزە چەکدارەکان لە بەرامبەر دەستدرێژیی ئیسرائیل" بە زۆرینەی دەنگی کۆمیسیۆن پەسەند کراوە.

بەپێی ئەم پلانە دەوڵەت ئەرکدارە ١٠٠ لەسەدی بوودجەی بەرگری بۆ ساڵانی ١٤٠٣ و ١٤٠٤ و هەروەها ٢ میلیارد یۆرۆ لە سەرچاوەی دراوی بیانی بۆ ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان دابین بکات. هەروەها ٣٠ لەسەدی داهاتی ترانزیتی ئاسمانی بۆ بەهێزکردنی بەرگریی ئاسمانی ئەرتەش تەرخان دەکرێت.

ڕەخنەگران دەڵێن، کۆماری ئیسلامی لە جیاتی پێڕاگەیشتن بە بژێوی ژیانی خەڵک، دابینکردنی دەرمان، باشترکردنی پەروەردە و تەندروستی، سەرچاوە نیشتمانییەکان بۆ پڕۆژەی سەربازی و ناوچەیی خەرج دەکات.

زیادبوونی بودجەی نیزامی لە دۆخێکدا کە زۆرێک لە ماڵەکان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ئەوەش ئەولەویەتدانی پێچەوانەی ڕێژیم نیشان دەدات.

ئەم بڕیارانە لە هەموو کاتێک زیاتر کەلێنی نێوان ڕێژیم و خەڵک نیشان دەدەن.