
ڕافائێل گروسی، بەرپرسی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی لە بابەت چوونە نێو جیهانێک کە ٢٥ وڵات تەیار بە بۆمبی ناوکی دەبن، هۆشداری دا.
گروسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ''لاڕپوبلیکا''ی ئیتالیایی، کە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانان بڵاو کرایەوە، وتی: ''بەبێ ئەوەی بمەوێت ترس و دڵەڕاوکێ دروست بکەم، مەترسییەکانی شەڕی ناوکیی ئەمڕۆ زیاتر لە ڕابردوویە.''
ناوبراو ڕایگەیاند کە ڕەنگە لە داهاتوودا ٢٠ بۆ ٢٥ وڵات چەکی ئەتۆمییان هەبێت، هەرچەندە چوارچێوەیەکی کاتیی دیاریکراوی بۆ ئەمە نەخستەڕوو. لە ئێستادا بە وتەی چەند شارەزایەک لە جیهاندا نۆ وڵاتی زلهێزی ناوکی هەیە.
گروسی زیادی کرد: پرۆسەی داماڵینی چەک یان کەمکردنەوەی کۆنترۆڵکراوی جبەخانەی ناوکی وەستاوە، ئەو وڵاتانەی کە چەکی ناوکییان هەیە زیاتر بەرهەم دەهێنن، وەکوو چین.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە بەکارهێنانی هێرشی ناوکیی تاکتیکی زیاتر و زیاتر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک باس دەکرێت و ئەمەی بە "نیگەرانی" وەسف کرد.
ڕووسیە لە مانگی گەلاوێژدا ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە چیتر خۆی بە پێبەندی خۆبەخشانە بۆ وەستاندنی جێگیرکردنی مووشەکی نێوانمەودای ناوکی نازانێت؛ هەنگاوێک کە دەتوانێت ببێتە هۆی دەستپێکردنی پێشبڕکێیەکی نوێی چەک لە نێوان زلهێزە ناوکییەکان.
ئەم هەڵوێستە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە دۆناڵد ترامپ لە وڵامی هەڕەشە ئەتۆمییەکانی دیمیتری مێدوێدێڤ بەرپرسی باڵای ئەمنیی ڕووسیە ڕایگەیاند کە فەرمانی گواستنەوەی دوو ژێردەریایی ناوکیی ئەمریکای داوە.