
لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان و دەسپێکی وەرزی نوێی خوێندندا، بەرپرسان و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە و شاری بانە گوشاریان خستووەتە سەر قوتابییان و داوای بڕێکی زۆر پارەیان لە بنەماڵەی قوتابییان کردووە.
بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە شاری بانە بۆ ناونووسیکردنی قوتابییانی ئەو شارە لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندندا، داوای ٤٠٠ هەزار تمەن پارەیان بۆ هەر قوتابییەک کردووە.
ئەو سەرچاوە بە بەشی هەواڵی ڕاگەیاند کە ڕێژەی پارەی دیاریکراو بۆ هەر قوتابییەک هەتا پۆلی دواناوەندی ٤٠٠ هەزار تمەنە، بەڵام ئەو ڕێژەیە هەتا یەک میلیۆن تمەنیش ڕۆیشتووە و بەو شێوەیە بنەماڵەی قوتابییانی چینی هەژار و کەمداهات گوشاری ئابوورییان لەسەرە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە بڕیاریان داوە کە هەموو تێچووی ئەمساڵی خوێندن لە ئەستۆی بنەماڵەی قوتابییان بێت.
هەروەها زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەو گوشارانەی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەکاتێکدایە کە ئەو ئیدارەیە بۆ تێچووی ئەمساڵی خوێندن بۆ هەر قوتابییەک، تەنیا ٣ هەزار تمەنیان دیاری کردووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە قوتابخانەکانی کوردستان بەهۆی نەبوونی بوودجەی پێویستەوە، توانای دانی پارەی ئاو، گاز و کارەبایان نییە و لەگەڵ ئەو ئیدارانەدا تووشی کێشە بوون.
هەر لەو پێوەندییەدا هەرکام لەو ئیدارانەی ڕێژیم هەڕەشەی بڕینی هەمیشەیی گاز، ئاو و کارەبایان لە قوتابخانەکانی کوردستان کردووە.
سیاسەتی نەخوێندەوارهێشتنەوەی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بەتایبەتی ساڵانێکە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە پێوەندیدارەکانەوە پەیڕەو دەکرێت و ساڵانە بە دەیان بیانووی جۆراوجۆر وەکوو گوشاری ئابووری، سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنەوە گوشار دەخەنە سەر قوتابییان و بەو شێوەیە ڕێگە لە خوێندنی ئەو قوتابییە دەگرن.