کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی گەندەڵییەکان لە کوردستان؛ فرۆشتنی نایاسایی زەوییە گشتییەکان لە بۆکان

15:30 - 17 خەرمانان 2725

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کاربەدەستانی گەندەڵی ڕێژیم لە شاری بۆکان بە هاوکاریی ستادی ئیجرایی ئیمام و شارەداری، دەستیان بە فرۆشتنی زەویگەلێک کردووە کە بەشێکی گرینگ لە سەوزایی پارکی ساحێلیی ئەم شارە پێک دەهێنن.

بەپێی زانیارییەکان، ئەم زەوییانە کە دەکەونە نێوان پردی "کێوەڕەش" و پردی تازەدروستکراوی بەنداوی "کۆستە" دراوە بە کارمەندانی دادگوستەریی شارەکانی میاندواو، سایین قەڵا، تیکاب و بۆکان.

سەرەڕای ئەوەیکە ئەو زەوییانە موڵکی گشتین، بەڵام بە نرخێکی زۆر کەم پارچەزەویی ٣٠٠ میتری و بە هەندێ بەرپرسیش پارچەزەویی ٥٠٠ میتری دراوە و کە دواتر دووبارە بە نرخێکی زۆر گران دەفرۆشرێنەوە.

بەهای ئەم زەوییانە دەگاتە هەزاران میلیارد تمەن و لەوەش گرینگتر شوێنەکەیانە کە لە یەکێک لە جوانترین و بەناوبانگترین ناوچەکانی بۆکاندایە.

چالاکانی مەدەنی و دڵسۆزانی ئەو شارە داوایان لە خەڵک کردووە کە ڕێگە نەدەن ئەو زەوییانە کە سەرمایەی گشتی و بەشێک لە فەزای سەوزی پارکی ساحێلین دەستیان بەسەردا بگیرێت و بۆ بەرژەوەندیی هەندێک کەس لەنێو ببرێن.