
بەپێی دوایین ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن میدیاکانی کۆماری ئیسلامییەوە، دۆخی ئاوی بەنداوەکانی ئێران گەیشتوونەتە ئاستی هۆشدار.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا، قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی ئێران تا ڕێکەوتی ١٥ی خەرمانان بە بەراورد لەگەڵ ئەم ڕێکەوتە لە ساڵی ڕابردوودا، ٪٢٥ کەمی کردووەتەوە.
بەپێی داتا بڵاوکراوەکان، ئەو بڕە ئاوەی کە ڕژاوەتە نێو بەنداوەکان لە سەرەتای وەرزی بارینەوە واتا لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە تاکوو ئێستا ٢٤.٣٣ میلیارد میتری سێجا بووە کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵێک پێشووتری ٪٤٢ کەمی کردووەتەوە.
بەپێی ئەم ئامارانە ١٣ بەنداوی گرینگی ئێران، بەنداوی لار، دووستی و تۆرۆق لە خوراسان، بەنداوی ١٥ی خورداد، ئیستقلال، شەمیل و نیال، سەرنی، مەنجیل، تەهەم، ڕوودباڵ، نسا، بەنداوی تەنگووئییە لە سیرجان و بەنداوی ساوە لە ئێستادا کەمتر لە ٪١٠ ئاوی پاشەکەوتیان ماوە.
جیا لە بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەڵکوەرگرتنی ناکارناسانە و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری سەرچاوە ئاوییە سەرزەوی و بنزەوییەکان لە ئێران لەژێر بەڕێوەبەریی سەقەت و ناکارامەی کۆماری ئیسلامیدا، هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی قەیرانی ئاو لە کوردستان و ئێراندایە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لە وتارێکدا لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی سەبارەت بە قەیرانی ئاو وتبووی: "ئەمڕۆ قەیرانەکانی ئاو، کەشوهەوا، وزە و گەرمبوونی گۆی زەوی وەک قەیرانە سەرەکییەکان دێنە ئەژمار لەکاتێکدا کە هیچ یەک لەمانە قەیرانی گەورە و سەرەکی نین".
لە ئیستادا یەکێک لە مەترسیدارترین قەیرانەکان لە ئێران قەیرانی ئاوە کە بە وتەی کارناسان ئەگەر بەم ڕەوتە بچێتە پێشەوە بەشیکی زۆر لە ناوچەکانی ئێران چیدیکە بە کەڵکی ژیانکردن نایەت و دەبێتە چۆڵەوانی.