کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیر کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

15:59 - 16 رەزبەر 2725

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی زەربەری ١٤٠٤، کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی تێکنۆلۆژیی خاجە نەسیرەدینی تووسییەوە بەڕێوە چوو کە دەوترێت گەورەترین کۆبوونەوەی خوێندکارانی زانکۆی خاجە نەسیرە کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەڕێوە چووە.

بەپێی هەواڵنامەی ئەمیرکەبیر، دوای چوار شەوی یەک لە دوای یەکی ناڕەزایەتی لە خەوتنگەی ''دانش''ی زانکۆی خاجە نەسیر، ئەم کۆبوونەوەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بە بێ پەیوەندی بە هیچ ڕێکخراوێکی خوێندکارییەوە و بەهۆی ناڕەزایی گشتی لە دۆخی خۆشگوزەرانی، خزمەتگوزارییەکان، و هەڵسوکەوتە ئەمنییەکان لەو زانکۆیە بەڕێوە چوو.

داواکاریی خوێندکاران لە زانکۆی خاجە نەسیر بریتین لە گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی خوێندکاران بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی کچ، کەمکردنەوەی نرخ و باشترکردنی کوالێتیی ژەمەکانی شەوانە، باشترکردنی دۆخی خەوتنگەکان، وەستاندنی هەڵسوکەوتە ئەمنییەکان و گوشار بۆ سەر خوێندکاران و کۆتاییهێنان بە پرۆسەی دەرکردن و هەڕەشەکردن لە خوێندکارە ناڕازییەکان.

خوێندکارەکان لەو پلاکاردەی کە بەدەستیانەوە بوو نووسیبوویان: "نە پادگان، نە بونگا سڵاو لە زانکۆ'' و "خوێندکار دەمرێت -ستەم قەبووڵ ناکات" و بەم شێوەیە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بەو بارودۆخەی ئێستا دەربڕی.

ناڕەزایەتیی خوێندکارانی زانکۆی تێکنۆلۆژیی خاجە نەسیر لەسەر گرانیی خۆراک و دەرکردنی خوێندکارێک و لابردنی خزمەتگوزاریی خەوتنگەی کچان و بێسەروبەرەیی پەروەردەیی، لە حەفتەی ڕابردوودا دەستی پێ کرد.