کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەتی دووفاقی ڕێژیم بەنیسبەت زمانی کوردییەوە

16:25 - 16 رەزبەر 2725

هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی ڕێژیم بۆ سەر وانەبێژان و مامۆستایانی زمانی کوردی لە کوردستان و سەرکوتی بەردەوامی چالاکانی فەرهەنگیی ئەم بوارە، سەرۆکی ژووری ڕۆژنامەوانی و میدیایی ڕێژیم لە سنە باسی لە کردنەوەی یەکەمین دەورەی فەرمیی فێرکردنی زمانی کوردی بە شێوەی زانستی بۆ بەناو ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانی سەر بە ڕێژیم لە پارێزگای سنە کردووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، شیروان یاری، سەرۆکی ژووری ڕۆژنامەوانی و میدیایی ڕێژیم لە سنە لە کۆبوونەوەیەکی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ژووری ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە بۆ یەکەمین جار بە شێوەی فەرمی و بە هاوکاریی کارگەی فێرکاریی زمانی کوردی، خولێكی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ ڕۆژنامەوانان و میدیاکارانی ڕێژیم لەو پارێزگایانە بکەنەوە.

ناوبراو لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە زمانی کوردی یەکێک لە زمانە زیندووەکانی جیهانە و جێگەیەکی زۆر بەرز و بەنرخی لەنێو زمانەکانی جیهاندا هەیە.

سیاسەتی دووفاقی و ناتەبای بەرپرسانی ڕێژیم لە هەمبەر زمانی کوردی لەکاتێکدایە کە  پێشتر دەیان مامۆستای زمانی کوردی، ئەندامانی ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی کوردستان، چالاکانی سێنفی و وانەبێژانی زمانی کوردی لە کوردستان بەهۆی وتنەوەی زمانی کوردییەوە دەسبەسەر، ئەشکەنجە و هەڕەشەیان لێ کراوە و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە لە میدیاکانی ڕێژیمەوە زۆرجار ئاماژە بەوە دراوە کە زمانی کوردی بوونی نییە و تەنیا زاراوەیەکی زمانی فارسییە و هیچ جۆرە پێناسەیەکی زمانەوانی نایگرێتەوە. هاوکات لە دەنگوڕەگی ڕێژیم لە پارێزگاکانی کوردستانیشدا، هەوڵ بۆ شێواندن و ناشیرین نیشاندانی زماانی کوردی دەدرێت.

ئەو بەناو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی سەر بە ڕێژیم بە سەدان جار لە میدیاکانی ڕێژیمەوە سووکایەتی و بێڕێزییان بە زمانی کوردی کردووە و هەوڵیان داوە لە ڕێگەی هەڵەی ڕێنووسی و ڕێزمانییەوە زمانی کوردی لەپێش چاوی خەڵک ناشیرین بکەن و بە دواکەوتوو و "گویشـ"ـی لە قەڵەم بدەن.