کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی مانگرتن لە خواردنی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

16:36 - 16 رەزبەر 2725

لە هەشتاونۆهەمین حەفتەی چالاکیی ئەندامانی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان لە بەندیخانەکانی سەرانسەری ئێراندا، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا یادی سەمەد بێهرەنگی و فەرزاد کەمانگەر بەرز ڕاگیرا.

لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ١٥ ڕەزبەری کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان، هاتووە کە لەکاتێکدا کە لە ١١٣ وڵاتی جیهاندا سزای لەسێدارەدان لە یاسای وڵاتەکەیان سڕاوەتەوە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ماشینی مەرگهێنەری خۆی هەروەها بە خێرایی بەرەوپێش دەبات.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە هەتا ئێستا لانیکەم ١٦٩٥ کەس لە ئێراندا لە سێدارە دراون.

هەروەها لەو بەیاننامەدا باس لەوە کراوە کە ئەو ئامارە هەژێنەرە دەرخەری بەربڵاویی بێوێنەی لەسێدارەدانەکان و چڕبوونەوەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەسەر کەمینە نەتەوەییەکان و ئەفغانستانییەکانە.

لە بەیاننامەی ئەو کەمپەینەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە بەهۆی نەبوونی ئاماری ڕاستەقینە و ناڕاستیی ئاماری لەسێدارەدراوان لەلایەن میدیا و هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیمەوە، ئەو ئامارە تەنیا تایبەت بەو لەسێدارەدانانەیە کە لە ماڵپەڕەکاندا بە میدیایی کراون و ڕێژەی ڕاستەقینە زۆر لەو ئامارانە زیاترە.

ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەر کە بە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای لەسێدارەدان ناودێر کراوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە هەتا کۆتایی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٤، ١١٣ وڵات سزای لەسێدارەدانیان لە یاسای وڵاتەکەیان سڕیوەتەوە.

هەروەها لە کۆتایی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە لە ڕۆژی مامۆستادا یادی سەمەد بێهڕەنگی و فەرزاد کەمانگەر لە ٥٢ بەندیخانەدا بەرز ڕاگیراوە و جەختیان لەسەر داکۆکیکردن لە ماف و داواکاریی خۆیان و دژایەتی لەگەڵ سزای درەمرۆیی لەسێدارەدان کردووەتەوە.