کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربوونەوەی داواکارییەکان بۆ داخستنی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین

17:45 - 16 رەزبەر 2725

بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی بەندکراوانی بەندیخانەی قەرچەک و خراپیی دۆخی ئەم بەندیخانەیە، داواکارییەکان بۆ داخستنی ئەم بنکەی سەرکوتەی زۆرتر کردووەتەوە.

گیانلەدەستدانی چەند ژنی بەندکراو لەم بەندیخانەیە لە ماوەکانی ڕابردوودا، وای کردووە کە داواکارییەکان بۆ داخستنی یەکجاریی ئەم بەندیخانەیە زۆر ببنەوە.

گروپە مافی مرۆییەکان هۆکاری مەرگی ئەو ژنانەیان بۆ کەمیی خزمەتگوزاریی دەرمانی گەڕاندووەتەوە.

دەوترێت کە بەندیخانەی قەرچەک یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەکانی ژنان لە جیهانە.

ئەم بەندیخانەیە کە بۆ تاوانە گشتییەکانی وەک کوشتن و دزیکردن و ماددەی هۆشبەر دروست کراوە، بە هۆی دۆخی نالەباری بێهداشتی، کەمیی ئیمکانات و هەڵسوکەوتی توندی بەرپرسانییەوە وەکوو شوێنێک مەترسیدار بۆ سەرکوتی بەندکراوان دەبیندرێ.

لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەی ئەمساڵدا، نزیکەی ١٥٠ بەندکراوی سیاسیی پێشوو بە بلاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش، ویرای موحکوومکردنی کوشتنی سیستماتیکی بەندکراوان، خوازیاری داخستنی ئەم ناوەندە بوون.

لە ٥ی ڕەزبەری ئەمساڵیشدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کوژرانی دوو ژنی بەندکراو لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین، داوای داخستنی یەکجاریی ئەم بەندیخانەی کرد.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی سومەیە ڕەشیدی و جەمیلە ع، بە هۆی خەمساردیی بەرپرسانی بەندیخانەی قەرچەک بە دۆخی تەندروستیان کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی "بەندیخانەی قەرچەک، جەهەنەمی ژنان و منداڵان"، سەبارەت بە دۆخی ئەم بەندیخانەیە هۆشداریی دابوو و ئەو شوێنەی بە یەکێک لە ناشیرینترین هێماکانی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ناو بردبوو.