کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەرمان لە ئێران یەکێک لە دەرەنجامەکانی گەڕاندنەوەی گەرمارۆکانە

17:48 - 16 رەزبەر 2725

لە دوای چالاکبوونەوەی مێکانیزمی ماشە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و گەڕانەوەی سزاکان و ملنەدانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان، دووکەڵی بەرزبوونەوەی نرخی دەرمان و کەمیی دەرمان لە دەرمانخانەکان دەچێتە چاوی خەڵکی ئێرانەوە.

لە دوای کۆتاییهاتنی دوایین مۆڵەتی ٣٠ ڕۆژەی پێوەندیدار بە ڕێکاری بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەت بۆ چالاککردنی مێکانیزمی ماشە دژی کۆماری ئیسلامی و دوابەدوای چالاککردنی ئەو گەمارۆیانە شوێندانەریی لەڕادەبەدەری لەسەر ئابووریی ئێران بەتایبەت کەرتی دەوا و دەرمان داناوە.

بە وتەی هاووڵاتییان، سەرەڕای هەڵکشانی نرخی سێ هەتا چوار هێندەیی، هەندێک لە دەرمانەکان لە دەرمانخانەکانیش دەست ناکەون و ئەوەش لە داهاتوویەکی نزیکدا تەندروستیی گشتیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە.

چەند هاووڵاتی باسیان لەوە کردووە کە سەرەڕإی ئەوەی کە پێش چالاککردنی مێکانیزمی ماشەش نرخی دەرمان زۆر گران بووە و بە کەمیش لە دەرمانخانەکان دەکڕدران، ئێستا دوای ئەو گەرمارۆ نوێیانە چیتر خەڵک توانای کڕینی دەرمانیان نەماوە.

شایانی باسە ئەو گەمارۆیانە تەواوی بەشە ئابووری و سەربازییەکانی ڕێژیمی تارانی لەخۆ گرتووە.

ئەوە لەکاتێدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نکۆڵی لە شوێندانەریی ئەو سزایانە دەکەن و دەیانهەوێت لێکەوتە زۆرەکانی کەمڕەنگ نیشانی بدەن.