کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئوسترالیا خەریکی ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە

18:54 - 16 رەزبەر 2725

دەوڵەتی ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر گەڵاڵەیەکی پێشکەشی پارلەمان کرد کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، دەکرێ دامەزراوە دوڵەتییە بیانییەکان وەک "پشتیوانی تێرۆریزمی دەوڵەتی" بناسرێن.

ئەو گەڵاڵەیە ڕێگای یاسایی بۆ تۆمارکرانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وڵاتی ئوسترالیا دەکاتەوە کە چەندین ساڵە بە هەوڵە وێرانکەر و توندوتیژەکانی لە ئاستی ناوچە و سەرووناوچەییدا ناسراوە .

میشێل ڕۆلێند، دادوەری گشتیی ئوسترالیا، لە ناساندنی گەڵاڵەکەدا هێرشە دژە جوولەکەکان لە سیدنی و مێلبۆرنی بە قێزەون ناو برد کە بە گوێرەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئەمنییەتیی ئوسترالیا لەلایەن سپای پاسدارانەوە ئاراستە کراون.

ڕۆلێند جەختی کردەوە کە ئەو هێرشانە نە تەنیا کۆمەڵگەی جوولەکەکان، بەڵکوو سەروەری و شێوازی ژیانی گشتیی ئوسترالیاییەکانی کردووەتە ئامانج.

بە وتەی ناوبراو ئەو هەوڵانە بەشێکن لە سیستمی توندوتیژ و کاریگەری تێکدەرانەی ئەو ڕێکخراوە دوڵەتییە بیانییانە کە مەترسی لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی ئوسترالیا دروست دەکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پەسەندکردنی ئەو گەڵاڵەیە، کردەوەی ئەکتەرانی بیانی بۆ زیانگەیاندن بە ئوسترالیا و کۆمەڵگە سەختتر، مەترسیدارتر و تووشی تێچووی زیاتر دەکات  و ئەمە ئاگادارییەکی ڕوون بۆ هەر دەوڵەتێکە کە بیهەوێ لە ڕێگای توندوتیژی و هەڕەشەکردنەوە وڵات ناچار بە  پاشەکشەکردن بکات.

گەڵاڵەی پێشنیاری هەر شێوە هاوکاری، ئەندامبوون یا دابینکردنی سەرچاوە بۆ ئەو ناوەندانەی کە لە لیستەکەدا ناویان هاتووە بە تاوان دەزانێت و گروپێکی تایبەتی پۆلیس لە سیدنی، مێلبۆرن و کانبرا بۆ چاوەدێری و لێکۆڵینەوە لەو گرووپانەی جێی نیگەرانین پێک هاتووە.

ڕێکخراوی ئیتلاعاتی ئەمنیەتیی ئوسترالیا جەختی لەوە کردەوە کە سپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە دانانەوەی دوو بۆمب دژی ناوەندی جوولەکەکان لە خاکی ئوسترالیا دەستی هەبووە، ڕووداوێک کە بووە هۆی دەرکردنی نوێنەری ئێران لە کانبرا.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نکۆڵی لە دەستتێدابوون لەو هێرشانەدا دەکات، بەڵام ڕابردووی ئەو ناوەندە لە کردەوە تێروریستییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لە سوریە و عێراقەوە بگرە تا چالاکیی سایبێری و تێرۆری دژبەران، هیچ جێگای گومانی نەهێشتووەتەوە.