
بەردەوامی لە سووتاندنی پاشماوەی زبڵ و خاشاک لە دەورووبەری پاڵاوگەی "نەزەری"، پرۆسەی پاڵاوتنی ئاوی خواردنەوەی شاری کرماشانی لەگەڵ قەیرانێکی جیددی بەرەوڕوو کردووەتەوە و ئەمەش مەترسیی لەسەر تەندروستیی هەزاران هاووڵاتی دروست کردووە.
کامران گوڵمحەممەدی، بەرپرسی پاڵاوگەی "نەزەری" لەو بارەیەوە وتی: سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی کرماشان لە بەنداوی"گاوشان"، گۆلی " تاقەوسان" و بیرەکانی دەوروبەرەوە دابین دەکرێت و دوای نیشتن و پاڵاوتن و دژگەنکردن، دەچێتە ناو کاناڵی دابەشکردنەوە.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پاشماوەی زبڵ و خاشاکی فڕێدراو و سووتاندنی بەردەوام لە دەوروبەری دامەزراوەکان، جگە لە دروستکردنی بۆنی ناخۆش و بڵاوبوونەوەی خۆڵەمێش، پرۆسەی پاڵاوتنی ئاوی تێک داوە و مەترسیی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەی زیاد کردووە.
بە وتەی گوڵمحەممەدی، سەرەڕای هۆشداریدانی بەردەوام سەبارەت بەم هەڕەشە ژینگەییە تاکوو ئێستا ئەم پرسە لەگەڵ پشتگوێخستنی بەڕێوبەرانی شار و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.
کەمتەرخەمیی ناوەندە پەیوەندیدار و بەرپرسەکان لەو بارەیەوە و نەگرتنەبەری هەنگاوی کردەیی، تەندروستیی هاووڵاتییانی لە کرماشان بەرەوڕووی مەترسییەکی جیددی کردووەتەوە و دەتوانێت ببێتە قەیرانێکی بەرفراوان لە تەندروستیی گشتیدا.