
دوای دوو ساڵ شەڕی خوێناوی کە زیاتر لە ٦٧ هەزار کوژراوی لێکەوتەوە، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان گەیشتنە ڕێککەوتن.
ئەم ڕێککەوتنە بە نێوبژیوانیی ئەمریکا، قەتەر، میسر و تورکیە لە قاهیرە ئەنجام درا، قۆناغی یەکەمی ئەم ئاگربەستە پلانی ئاشتی دۆناڵد ترامپ بوو کە ٢٠ خاڵ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد دەکرێن و هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە غەززە دەکشێنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاندووە کە ئەم پلانە ڕێگە بۆ ئازادکردنی دیلە فەلەستینییەکان و هاتنەناوەوەی یارمەتی مرۆیی و کۆتاییهێنان بە تەواوەتی شەڕ خۆش دەکات.
بێنیامین نێتانیاهوو ڕێککەوتنەکەی بە "سەرکەوتنی نیشتمانی و ئەخلاقی" و حەماسیش بە هەنگاوێک بۆ کشانەوەی هێزە داگیرکەرەکان ناوی برد.
ترامپ ئەم ڕێککەوتنەی بە "سەرەتای ئاشتییەکی هەمیشەیی" وەسف کرد و ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبیی بەرز نرخاند.
هەروەها ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازیی لەو پێشهاتە مێژووییەکە کرد و داوای کرد هەموو لایەنەکان پێبەند بن و لە گەیشتنی دەستبەجێی هاوکارییەکان بۆ غەززە دڵنیا بن.
لەکاتێکدا خەڵک لە ئیسرائیل و غەززە ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام گومانەکان لەبارەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای شەڕ و ڕۆڵی حەماس ماونەتەوە.
هەنگاوی داهاتووی پلانەکەی ترامپ بریتییە لە دروستکردنی ناوەندێکی نێودەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتیی غەززە، پلانێک کە حەماس و زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی تەنیا کاتێک پشتگیریی دەکەن کە گەرەنتیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستینی بکات.
سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، شرۆڤەکاران دەڵێن، ڕێگای ئاشتی ڕاستەقینە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا سەخت و پڕ لە کێشەیە.