
د. ئازاد محەممەدیانی
لە فەزای سیاسیی کوردستاندا بەردەوام گوێمان لە وشەی یەکگرتوویی دەبێ، وشەیەک کە زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئێمە بە کاری دێنن بۆ پێوەندیی خۆیان لەگەڵ لایەن و حیزبە سیاسیەکانی دیکە، بەڵام لام وایە ئەوم وشەیە تەنیا یەک وشەی ئینتزاعییە، بێ ئەوەیکە مانایەکی تایبەتی هەبێ. واتە دیار نیە مەبەست لە یەکگرتوویی چیە و بە چ مکانیزمێک و لە سەر کام بنەما؟ بۆیە هەرگیز نە پێناسەیەکی دروستمان لە یەکگرتوویی دیتووە و نە یەکگرتووییش لە نێوان ئەو لایەن و ڕەوتانەدا بەدی هاتوە. کەواتە دەبێ کێشەکە شتێکی دیکە بێ و پێویستە وردتر سەرنج بدەین کە لەکوێی ئەو باسەدا ئێمە هەڵە دەکەین یا تێگەیشتنێکی نادروست لە ئارادایە.
هەڵبەت زۆر جار لایەنەکان بە قەولی خۆیان هاوپەیمان بوون و یەکگرتوو، بەڵام لە کاتە هەستیارەکاندا دیومانە هەر یەک بە لایەکدا ڕۆیشتوون و هەموو شتێک لە چرکەیەکدا هەڵوەشاوەتەوە، کە نموونەی مێژوویی لە ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەش زۆرن. هۆکار چیە؟ دیارە شتێک پێش یەکگرتوویی دەبێ لە ئارادا بێ. شتێک وادیارە غایبە، کە من لام وایە گوتاری هاوبەشە. شکڵنەگرتنی گوتاری هاوبەش هۆکاری سەرەکی سەرنەگرتنی یەکگرتوویی یا درێژەدار نەبوونی یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسیەکانی کوردە.
گوتاری هاوبەش چیە و بۆ شکڵ ناگرێ؟
لە پلەی یەکەمدا پێویستە پێناسەیەک لە گوتار بدەین بە دەستەوە. لە ڕاستیدا گوتار کۆمەلێک مانا، واتا، نیشانە، کردەوە و قەواعیدی ڕەفتاری و زمانیین کە مانا دەبەخشن بە واقعیەتی کۆمەلایەتی و سیاسی یەک جەریان، حیزب و بڕوا و شوناسی پێکهاتەیەک. گوتاری هاوبەش بە مانای کۆمەلێک لەو مانا، واتا و چەمکانەن کە سەرەڕای جیاوازیی ڕوانین لە نێوان لایەنەکان و پێکهاتەکان وەک چوارچێوەیەکی لانیکەمی بەڵام گشتی قەبووڵ دەکرێ و دەبێتە بنەمای هاوکاری و یەکگرتوویی.
ساز بوونی ئەم وێژمانە هاوبەشە بە ڕواڵەت ئاسان دێتە بەر چاو، بەڵام هەر ئەو بابەتە ئاسانە تا ئێستا نەیتوانیوە لەنێو کورددا ساز بێت. لام وایە سەرەکیترین هۆکاری شکڵنەگرتنی ئەم گوتارە هاوبەشە دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی "ئەویتری سازی" لە وێژماندا.
هەر گوتارێک بۆ سەقامگیری واتا و چەمکەکانی خۆی حەول دەدا ئەویترێک لە خۆی ساز بکات و لە بەرابەر ئەو دیگەرییەدا پێناسەیەک لە شوناسی خۆی بدا بەستەوە. ئەم ئەویترییە دوو جۆری هەیە؛ "ئەویتری نێوخۆیی" و "ئەویتری دەرەکی". ئەویتری یان دیگەریی دەرەکی بریتییە لەو ئەویترییەی کە لە ئەودیوی سنوورەکانی شوناسی نەتەوەیی و سیاسیی ئێمەدا بوونیان هەیە. سنووری ئەویتری نێوخۆیی بریتییە لەو پێکهاتانەی کە لەم دیو یا ژوورەوەی سنوورە سیاسی، کۆمەڵایەتی و شوناسەکاندان، بەڵام لە نێوانیاندا جیاوازی هەیە، بەو مانایەی لە بەینی ئەویترییە دەرەکییەکان یا باشتر بڵێم ئێمە و ئەویتری دەرەکیدا سنوورێکی هۆویەتی بوونی هەیە، بەڵام لە نێوان ئەویتریە نێوخۆییەکان ئەو سنوورە هۆویەتیە بوونی نیە و تەنیا شتێک کە هەیە جیاوازییە.
ئەویتری دەرەکی لەسەر بنەمای دژایەتی ((Antagonistic othering ساز دەبێ و ئەویتری نێوخۆیی لەسەر بنەمای ڕەکەبەرایەتی (Agonistic othering). بۆ چارەسەری پرسی ئەویترییە نێوخۆییەکان چەمکێک هەیە بە ناوی فرەخوازی ڕەکەبەرایانە، یا (pluralist agonism)، کە بەپێی ئەم چەمکە دێموکراسی نە لە سەر ئیجماعی تەواو بەڵکوو لە سەر دامەزراوەسازیی ئەم ڕەکەبەرایەتییانە ساز دەبێ، واتە کۆمەڵگە دەبێ دۆخێک ساز بکات کە پێکهاتە و گرووپەکان بتوانن کێشەکانی خۆیان لەسەر بنەمای ڕکەبەرایەتییەک کە مەشرووع دەناسرێ چارەسەر بکرێن. کەواتە لەسەر ئەو بنەمایە سیاسەتی دێموکڕاتیک دەبێ ئەم سێ خاڵە لەبەرچاو بگرێ:
١. قەبووڵی جیاوازی و ڕەکەبەرایەتیی دایمی.
٢. گۆڕینی دوژمن بە ڕەکەبەر.
٣. دامەزراندنی بنکە و دامەزراوە گەلێک کە ئیمکانی باسکردن و چارەسەرکردنی جیاوازی و کێشەکانی تێدا هەبێ.
کەواتە لە سیاسەتدا هەمیشە ئەویتری بوونی هەیە. بەڵام گرفتی سەرەکی لە نێو کورددا لەو جێیەوە دەست پێ دەکا کە ئەویتری نێوخۆییش لەسەر بنەمای دژایەتی ساز دەبێ و لایەنەکان حەول دەدەن مەشرووعیەتی یەکتر بسڕنەوە. واتە ئەویتری نێوخۆیی ڕێک وەک ئەویتری دەرەکی دەبێتە دژبەر، وەک دوژمن هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ و دەست بۆ هەموو شێوە کارێک دەبردرێ تا بسڕدرێتەوە، تەنانەت بۆ چەکیش. لەم دۆخەدا ئیمکانی سازان و ڕێککەوتن نیە، تۆ ناتوانی لەگەڵ لایەنێک کە بە دژبەری دەزانی بیر لە دژایەتیی بەرژەوەندییەکان نەکەیەوە. کەواتە ئەویتری ئەنتاگۆنیسمی لەمپەڕی سەرەکیی شکڵگرتنی گوتاری هاوبەشە. مەبەست لەو گوتارە هاوبەشە گوتارێکە کە ئیدی لە خزمەت بەرژەوەندیی حیزبیدا نیە، بەڵکوو بەرژەوەندییەکی گشتیتر واتە نەتەوەیی دەبێتە مێحوەری ئەو گوتارە. لەم گوتارە هاوبەشەدا هێندێک چەمک هەن کە نەگۆڕن، واتە ئەو چەمکانە دەبنە بەرژەوەندی و پیرۆزی نەتەوەیی و حیزبەکان ئەوە دەکەنە بنەمای گوتاری هاوبەش، دژ بە ئەویتری دەرەکی.
ئامریکا وەک وێنە باس دەکەم، ئەگەر بڕوانینە ڕەکەبەرایەتییەکانی نێوان دوو حیزبی دێموکرات و کۆماریخوازەکان، بە نیسبەت یەکتر زۆر بێڕەحمن و بە ئازادی تەواوەوە ڕەخنە لێک دەگرن، بێ ئەوەیکە خیانەت بە نەتەوەکەیان بکەن، بۆ؟ ئەوان لە سەر سێ شت ڕاوەستاون:
١. (American Dream) کە بریتییە لە بەرابەریی دەرفەتەکان، شایستەسالاری، ئازادیی تاک و...
٢. پەرچەم
٣. یاسای بنەڕەتی.
بەڵام کاتێک هەڵسەنگاندنێک دەکەی، دەبینی ئێمە خولیایەکی کوردانەمان ساز نەکردوە کۆکەرەوەی هەموومان بێ، ئێستاش ئاڵایەکمان نیە کە هەموو لایەنەکان لە سەری کۆک بن، یاسایەک یا بنەمایەک بۆ ئەو دەسەڵاتدارەتییە کە بڕیارە لە داهاتوودا سازی کەین نەنووسراوەتەوە، واتە "social contract"ێکمان نیە بمانخاتەوە سەر یەک سفرە.
بەبێ گوتاری هاوبەش یەکگرتوویی بێ مانایە و ئەگەریش شکل بگرێ دریژەی نابێ و لە کاتە هەستیارەکاندا لێک بڵاو دەبێ. ئێمە لە کاتێکدا کە هیچ شتێکی تایبەتی وەک بزووتنەوە و گۆڕانکاری لە ئارادا نیە بێ کێشەین، لانیکەم کێشەیەکی ئەوتۆمان نیە و یەکگرتووشین، بەڵام کە ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار دەبینەوە و پێویستە بە گوتارێکی هاوبەشەوە بەرامبەر بە دژبەرەکانمان ڕاوەستین، ڕێک لەو کاتەدا لێک بڵاو دەبین. نموونە:
ساڵی ١٣٥٧ خودموختاریی ئیسلامی و خودموختاری نا ئیسلامی، سازشکار و ناسازشکار، بزووتنەوەی ژینا و ئەوەی ڕووی دا لە درێژەی بزووتنەوەکەدا؛ یان ١٦ ئۆکتۆبر و پرسی ڕێفراندۆمی باشوور. ئەمە پێمان دەڵێ تۆ ناتوانی وەختێک گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەییت ساز نەکردوە بیر لە دەوەڵەت بکەیەوە، دەوەڵەت نەتەوە پێویستی بە وێژمانی هاوبەشە. جا کەس هەیە دەڵی فرە حیزبی لەمپەڕی سەرکەوتنە، ئەوە هەڵەیە، ئەوەی کە لەمپەڕی سازکردنی کیانێکی کوردییە نەبوونی گوتارێکی نەتەوەیی یا باشترە بڵێم گوتاری هاوبەشی نەتەوەییە.
گرینگترین خەسارەتی نەبوونی ئەم گوتارە هاوبەشە، ناردنی پەیامی نەرێنی و سازکردنی درز لە نێوان کۆمەڵگەدایە، کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوە یا ڕاوەستاندنی خێرایی گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ساڵانێکە ڕێگای خۆی دیوەتەوە. چون هۆکاری نەبوونی گوتاری هاوبەش وەک باس کرا ئەویتریسازیی دژبەرانەیە، واتە لە بری ڕەکەبەرایەتیی حیزبی دژایەتییەکی حیزبی لە ئارادایە. ئەگەر بڕوانینە نەورۆزی ئەمساڵ، ئەوە ڕاستە کە ئەوەی ڕووی دا بەرهەمی چەند دەیە خەباتی پێشمەرگانە و بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردە، بەڵام هاوکات کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردیش توانیویەتی حەساسییەتەکان دەرک بکات و هەلەکان بقۆزێتەوە و بیکاتە ئەو بزووتنەوە زیندووە کە لە ئارادایە. لە وەها دۆخێکدا لە لایەن هێندێک حیزبەوە بە ناردنەوەی ئاڵای جۆراوجۆر حەول درا بکرێتە مەیدانی حیزبایەتی، واتە کرایە مەیدانی دژایەتیی بەرژەوەندییەکان، ئەوە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێی پێناسەکان دوورە لە دژایەتیی بەرژەوەندییەکان، ئەو کارەی کە ڕووی دا بە مانای سەربەخۆیی ستاندنەوە لە کۆمەڵگەی مەدەنی و ئیزننەدان بەو گوتارە هاوبەشەیە کە نێوخۆ خەریکە دوور لە جەنجاڵی حیزبی سازی دەکا.
بۆیە نەبوونی گوتاری هاوبەش نە تەنیا بۆ سیاسەتی کوردی خەسارەت و کەمایەسییە، بەڵکوو خەریکە خەسارەتیش لە کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی ڕۆژهەڵات دەدات.