
لە کاتێکدا کە سەرەتاییترین پێداویستییە خۆراکییەکان لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ گرانتر دەبن و هێلکەش وەکوو یەكێک لە پێداویستییە ڕۆژانە و پێویستەکانی خەڵک بە ئەژمار دێت، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی بەرچاو نرخەکەی هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئێقتساد ٢٤"ی سەر بە ڕێژیم، نرخی هێلکە ڕۆژ بە ڕۆژ و تەنانەت کاتژمێر بە کاتژمێر گرانتر دەبێت و ئەو هەواڵدەرەییەی ڕێژیم دانی بەوەدا ناوە کە ئەوە دەرخەری ئەوپەڕی لاوازیی بەڕێوەبەریی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمە.
"ئێقتساد ٢٤" لە زاری فەرزاد تەڵاکەش، بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجومەنی سێنفیی بەخێوکردنی مریشکی هێلکەکەر بڵاوی کردووەتەوە کە "زیاتر لە ٩٠ لەسەدیی هێلکەی ئێران لەلایەن کێڵگە پەلەوەرییە بێ ناسنامە و ناونیشانەکانەوە و بەبێ هیچ چاوەدێرییەک دەخرێتە بازاڕەوە".
تەڵاکەش ئاماژەی بەوە داوە کە لاوازیی بەڕێوەبەریی و نەبوونی چاوەدێری بەسەر بڵاوکردنەوە و بەرهەمهێنانی هێلکە لە ئاستێکدایە کە لە دووکانێکەوە هەتا دووکانێکی دیکە نرخەکان جیاوازە و ئەوەش بازاڕی هێلکەی تووشی ئەو گرانییە لەڕادەبەدەرە کردووە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە یاسای ناسنامەدارکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان لە بەرنامەی گەشەپێدانی دەوڵەتدا بووە هەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و لە دۆخی ئێستادا لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دەرچووە.
شایانی باسە لە بازاڕەکانی ئێراندا هەر شانە هێلکە لە ئێستادا، ٢٠٠ هەزار تمەنە.