
لە درێژەی ڕەوتی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە سەرانسەری کوردستان، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شاری شنۆ چوار هاووڵاتی لەوانەش دوو مێرمنداڵی تەمەن خوار هەژدە ساڵیان دەسبەسەر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "میراوێـ"ـی شنۆ بە ناوەکانی "فەخرەدین خالیدی"، ٢٧ ساڵ، "زاهیر ئازەری"، ١٦ ساڵ و "ڕێبوار مووسەوی"، ١٦ ساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە شەودا بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، ئەم هاووڵاتییانەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.
ڕێبوار مووسەوی و زاهیر ئازەری دوای ٢٤ کاتژمێر ئازاد کراون، بەڵام هەتا کاتی بڵاووبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی فەخرەدین خالیدی لە بەردەستدا نییە.
هاوکات، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە هێرش کراوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "کەیوان سەعیدی"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی گوندی "سینگان"ی شنۆ و پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراوی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.